بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە لە سەر پێشنیاری لایەنی ئێرانی، نەخشەڕێگای درێژخایەنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ئامادە دەکرێت و لە پەراوێزی کۆبوونەوەی داهاتووی حەوتەمین ئەنجومەنی باڵای هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە واژۆی لە سەر دەکرێت.
مەولود چاوش ئۆغلۆ گەمارۆکانی سەر ئێرانی بە زاڵمانە ناو برد و وتی: هیوادارین دانوستانەکانی ڤیەننا بە ئەنجام بگات و ئەوانەی گەمارۆکانیان داڕشتووە دەبێت کۆتایی بەم سیاسەتە بێنن.
ناوبراو سەبارەت بە ناوچەکەش وتی: ئێمە لایەنگری ئاسایش و سەقامگیری عێراقین و هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەمان ئیدانە کرد، بۆ سوریاش هیوادارین لە ئاستی باڵا کۆبوونەوەکانمان بەردەوام بێت، سەبارەت بە ئەفغانستانیش بۆچوونی هاوبەشمان لە گەڵ ئێران هەیە، ئێمە لە سەر ڕەوشی ئەو وڵاتە نیگەرانین و پێمان وایە کە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەتوانێت چارەسەرێک بێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: نەخشەڕێگای درێژخایەنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و تورکیا ئامادە دەکرێت و لە سەردانەکەی داهاتووی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تاران واژۆی لە سەر دەکرێت.
ناوبراو وتی: لە دانوستانەکاندا پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان بە تایبەت لە بواری وزە، ئاسانکاری هاتووچۆی ترانزێتی، هاوکارییە سنورییەکان و …. جەختی لە سەر کرایەوە و هەر دوو وڵات بۆچوونی هاوبەشیان لە سەر کۆی تەوەرە باسکراوەکان هەبووە.
بە وتەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا، بڕیارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێش کۆتایی ئەمساڵ سەردانی تاران بکات./.