بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، وتی: سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە گەمارۆ و سزا زاڵمانەکانی سەر ئێران، ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕێکەوتنی ناوەکییەوە هەیە یان لە پاش کشانەوەی ترەمپ لەم ڕێکەوتنە بە نایاسایی و تاکلایانە جێبەجێ کراون، هەڵوەشانەوەیان بە فەرمی ڕابەگێندرێت.
ناوبراو وتی: تەوەری گرنگی ئەو دانوستانانە لە لایەن ئێمەوە هەڵگرتنی گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەمریکا دەیەوێت بۆ ڕیزی وڵاتانی 1+4 بگەڕێتەوە، ئەوەی کە گرنگە، هەڵگرتنی گەمارۆکان و دڵنیابوونە لە مسۆگەربوونی ئەم کارە.
خەتیب زادە سەبارەت بە سەردانەکانی عەلی باقری جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی، وتی: ئەو سەردانانە وەک جێگری وەزیری دەرەوە کراوە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە باقری دانوستانکاری باڵای ئێرانە، بەشێک لە دانوستان و وتووێژەکانی پەیوەندیی بە ڕێکەوتنی ناوەکییەوە هەبووە.
ناوبراو وتی: ناکۆکییەکان ڕوون و ئاشکران، ئەمریکا دەبێت تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت تان بە دڵنیایی لە هەڵگرتنی گەمارۆکان بگەین.
سەعید خەتیب زادە وتی: پێویستە ئەمریکا لە سەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و دەستەبەرکردنی ئەم خواستەی ئێران هەنگاوی دڵنیاکەرەوە و کرداریی هەبێت./.