بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی جزیرە ڕایگەیاند کە سەیفولئیسلام قەزای کوڕی مەعمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا بە فەرمی بووەتە کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە.
پێشتر میدیاکانی لیبیا پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە سەیفولئیسلام خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کاندید بکات.
سامی شەریف بەرپرسی میدیایی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی لیبیا بە پێگەی الیوم السابع ی ڕاگەیاندووە کە سەیفولئیسلام پێشتریش هەندێک بەڵگەی بۆ کاندیدبوونی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە شاری سەبهای باشوری ئەو وڵاتە ناردووە.
بەدئەلحەکیم فانوش شرۆڤەکاری سیاسی لیبیا پێی وایە کە کاندیدبوونی سەیفولئیسلام قەزافی دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لیبیا بڕیارە 24 ی کانوونی یەکەمی 2021 بەڕێوە بچێت./.