بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد خالیدی سەرۆکی فراکسیۆنی بیارق الخیر لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، وتی کە بە پێی ئەو هەموو ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە، ئەستەمە کە لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی نوێ پێک بهێندرێت.
ناوبراو وتی: ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەم و ساختەکاری و ئەو تەزویرەی کراوە زۆر خەراپتر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بووە.
خالیدی وتی: ساختەکارییەکان زۆر ئاشکرا بوون بەڵام کۆمیسیۆن وەڵامی پرسیار و تێبینی لایەنەکانی نەداوەتەوە.
وتیشی کە بە بێ ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ناتوانرێت هەنگاو بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق هەڵبگیرێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتی کە گومان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە و زۆربەی کاندیدەکان دەنگەکانی خۆیان لە دەست داوە.
لە لایەکی دیکەوە سەباح عەکیلی شرۆڤەکاری سیاسی عێراق وتی کە ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم پرۆسەی سیاسی بەم ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە پێشبینی ناکرێت.
ناوبراو وتی: دەنگە بەتاڵەکان زیاتر لە 700 هەزار دەنگە و ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە کە هاوشانی کورسی سەدرییەکانە، 3650 سندۆق کێشەکان هەیە و کۆمیسیۆن تەنیا لە سەدا 25 ی ئەوانەش باس دەکات.
هەروەها ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی شێعە ڕایگەیاند کە لە گەڵ لایەنەکانی کورد و سوننە ڕێکەوتن کراوە تا پێش یەکلاییکردنەوەی نێوماڵی شێعە نەچنە هیچ بەرەیەکەوە.
سەعد سەعدی وتی: هەڵوێستی ئێمە ڕوون و ئاشکرایە و ناچینە هیچ دانوستانێکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکەینەوە و تێیدا ساختەکاری و تەزویری زۆر کراوە.
وتیشی کە لایەنەکانی کورد و سوننەش گەیشتوونەتە ئەوەی کە تا پێش ڕێکەوتنی نێوماڵی شێعە نەچنە هیچ بەرەیەکەوە و ئێمەش چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵ لە سەر سکاڵاکانین.
هاوکات بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە نوێترین هەڵوێستیدا هەڕەشەی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی عێراقی کرد.
مەحمود ڕۆبەیعی وتەبێژی ئەو بزوتنەوەیە وتی کە پرۆسەی سیاسی عێراق پێویستی بەوە هەیە کە گیانفیدایی بۆ بکرێت و بەم پێداگرییەی هەندێک لایەن لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەمەش دەتوانێت بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لای ئێمە بێت و هیچ کات بەرەو شەڕی ناوخۆیی هەنگاو نانێین.
ناوبراو وتی: ساختەکارییەکی زۆر کراوە و دەنگی کاندیدێک بە کاندیدێکی دیکە دراوە و ئەم ساختەکارییەش ڕوون بووەتەوە و ئەو لایەنەش ئەم کارەی کردووە ناوەکەی دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ڕۆبەیعی وتی: بەڵگەکانی ئێمە بۆ سەلماندنی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان بە تەواوی ڕوونە بەڵام نامانەوێت کاریگەری لە سەر پرۆسەی سیاسی دابنێین، ئێمە داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەکەین.
وتەبێژی عەسائیب وتی: سەرجەم بەڵگەکان ڕادەستی دەزگای داد و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و ئەگەر ئەوانیش وەک کۆمیسیۆن لە گەڵ ئەم پرسەدا هەڵسووکەوت بکەن بە ناچار دەبێت بۆ ڕای گشتیی ڕوون بکەینەوە./.