بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە مێژووی بونیادنانی ئەم قەڵا بەشکۆیە زانیارییەکی ڕاست و درووست لە بەردەستدا نییە بەڵام بە پێی هەندێک بەڵگە، بینای سەرەتایی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی شاپوری یەکەمی ساسانی لە سەدەی سێهەمی زائینی دەگەڕێتەوە. ساسانییەکان لە نزیک ناوچەی ئێستای شاری خوڕەمئاوا، شارێکیان بە ناوی شاپور خواست بونیاد نا و لەو شارەش وەک قەڵایەکی گەورەی سەربازی و ناوەندی حکومەتی کەڵکیان وەرگرت. شاپور خواست دواتر ڕووخا و لە نزیکەی سەدەی حەوتی کۆچی مانگی، شاری خوڕەمئاوای ئێستای لە شوێندا بونیاد نرا.
ڕوبەری ئەم بینایە 5300 مەتری چوارگۆشەیە و 8 تاوەر و 2 هۆڵ و 300 پەناگەی هەیە. بەشی ناوخۆی قەڵاکە بە سەر 4 تەلاری گەورە و ژمارەیەک ژوور دابەش کراوە. بەرزی بەرزترین دیوار تا ئاستی گردەکە 23 مەترە. لە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم قەڵایە بیرێکی ئاو بە قووڵایی 40 مەتر هەیە کە ئاوی پێویستی دانیشتووانەکەی لێ دابین کراوە و هەر ئێستاش ماوەتەوە.
لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بینایە دەتوانین ئەوە بڵێین کە بە سەر شاخێکەوە بونیاد نراوە و بە تەواوی زاڵە بە سەر دۆڵی مێژوویی خوڕەمئاوا.
قەڵای فەلەکولئەفلاک لە سەرچاوە مێژووییە نووسراوەکاندا بە ناوی جیاجیای وەک قەڵای شاپور خواست، سابیر خاست، دزیر و قەڵای خوڕماباد ناوی هاتووە. ناوی فەلەکولئەفلاک بە واتای ئاسمانی ئاسمانەکان و لە سەردەمی قاجاڕەکان بۆی دیاری کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستاش بەم ناوە ماوەتەوە. لە ڕاستیدا هۆکاری دیاریکردنی ئەو ناوەش بۆ بوونی 12 تاوەری قەڵاکە دەگەڕێتەوە. هەروەها ناوەکەش دەتوانێت گوزارشت لەوە بێت کە کەس ئەو قەڵایەی بۆ کۆنتڕۆڵ نەکراوە. لە سەردەمی سەفەوییەکان تا قاجاڕەکان گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوە.
ئەم قەڵایە بە پێی پێگەی ستراتیژیی، لە سەدەی چوارەمی کۆچی مانگی بووە ناوەندی حکومەتی ئالی حەسنویە و گەنجور لە سەردەمی ئالی بویە. لە سەردەمی خانەدانی بەدەر لە سەدەی چوارەمی کۆشی مانگی هەروەها بووە خەزێنەی دەسەڵاتی پاشایەتی و لە سەردەمی ئەتابەکانی لوڕی بچووک و والییەکانی لوڕستان لە سەردەمی سەفەوییەکان و قاجاڕەکان، ناوەندی حکومەتی بووە. لە سەردەمی پاڵەوی یەکەم و دووەمیش بووە بنکەی سەربازی و زیندانی سیاسی.
لە ئێستادا قەڵای فەلەکولئەفلاک پاش تۆمارکردنی لە سەر ئاستی ئێران، ناوەکەی بۆ مۆزەخانەی فەلەکولئەفلاک گۆڕاوە و چەندین بەشی جۆربەجۆر لە خۆ دەگرێت./.