بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بۆ یەکەم جار تاوانێکی ئەمریکای لە میانەی شەڕی دژ بە داعش لە سوریا ئاشکرا کردووە، تاوانێک کە کوژرانی 70 کەسی سڤیلی بە دواوە بووە و زۆربەشیان ژن و منداڵ بوون.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە سوپای ئەمریکا لە 18 ی ئاداری 2019 لە ناوچەی باغوز، دوایین ناوچە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش ئازاد کرا، بە فڕۆکەی ئێف 15 بڕی 2 تەن مادەی تەقەمەنیی بە سەر گرووپێک لە خەڵکی سڤیلدا باراندووە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لەو کاتەدا هیچ زانیارییەکی لە سەر هێرشەکە بڵاو نەکردووەتەوە و ئەمەش یەکەم جارە کە بابەتەکە ئاشکرا دەبێت.
ڕۆژنامەکە ئەمەی بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی بەرامبەر بە کەسانی سڤیل لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعش ناو بردووە و شارەزایانی بواری یاسایی لەو بڕوایەدان کە تاوانەکە لە ئاستی تاوانی شەڕدایە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ ئاسەوارێکی هێرشەکەیان نەهێشتووەتەوە و بابەتەکەیان لە فەرماندە باڵاکان شاردووەتەوە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دانی بە کوژرانی دەیان کەسدا ناوە./.