بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری مەراغە دووەم شاری گەورەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتە کە لە تەنیشت ڕووباری سۆفی چای لە داوێنی باشوری چیای سەبەلاندایە. ئەم شارە بە پایتەختی ئەستێرەکان و باخی شاری ئێران ناوبانگی دەرکردووە و لە ڕیزی شارە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ئەم وڵاتەدایە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە مەراغەی کردووەتە شارێکی گەشتیاریی ئێران، بوونی سەوزایی و باخی زۆر و هەروەها ڕووباری زۆر جوانی سۆفی چایە کە بە ناوەڕاستی شارەکەدا تێپەڕ دەبێت. بە پێی ئەوەی کە مەراغە بە شارێکی مێژوویی دادەنرێت، شەقامە ڕازاوەکانی بە دار و درەختەکان دیمەنێکی دیکەی پێ بەخشیوە. ئەگەر سەردانی ئەم شارە دەکەن باشترە پیاسەیەک بە شەقامەکانیدا بکەن. ئەم شارە لە پاش ورمێ بە کۆنترین شارەکانی ئازەربایجانی ئێران هەژمار دەکرێت کە پێش ئیسلامیش هەبووە و سەدەکانی 12 تا 14 ی زائینی سەردەمی گەشە و پێشکەوتنی بووە.
سەردەمێک پایتەختی حکومەتە جیاجیاکانی وەک ئەحمەدیلیان و ئەتابەکانی ئازەربایجان بووە و لە ئاکامدا بووەتە پایتەختی حکومەتی ئیلخانی. مەراغە لە ڕووی مێژوویی و کەلتورییەوە دەوڵەمەندە و خاوەنی زیاتر لە 300 ئاسەواری تۆمارکراوە لە سەر ئاستی ئێران و لەم ڕووەشەوە لە ڕیزی 10 شاری یەکەمی ئێراندایە. ناوەندی ئەستێرە ناسی یان ڕەسەدخانەی مەراغە کە لە سەردەمی خاجە نەسیردا بونیاد نراوە لە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییە ناودارەکانی ئێرانە و زیاتر لە 400 هەزار کتێبی تێدا بووە و گەورەترین زانایانی ئیسلامی لە سەرتاسەری جیهان لە خۆیدا کۆکردووەتەوە.
جوانییەکان و ئاسەوارە مێژووییەکانی مەراغە
ڕووباری سۆفی چای
لە یەکەم نیگای شاری مەراغە دیمەنی شارە ئەورووپییەکانی وەک لەندەن و ڕۆما دێتە بەرچاو بەڵام دواتر دەزانیت کە ئەوە شاری مەراغە و ڕووباری سۆفی چایە کە سرنجی هەر بینەرێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
مۆزەخانەی ئاقالار
ئەم مۆزەخانەیە لە ساڵی 1381 ی کۆچی هەتاوی لە نزیک گۆڕی ئاقالار بە کۆکردنەوەی بەردی گۆڕە مێژوویی و دەگمەنەکانی ناو گۆڕستانەکانی مەراغە کراوەتەوە. ئەم شوێنەش بە هۆی ئەوەی کە کەسایەتییە گەورەکان، زانایان و شێخەکانی مەراغەی تێدا نێژراوە بە ئاقالار یان هەمان کەسایەتییە گەورەکان ناسراوە. لە ساڵی 1175 پاش مردنی میرفەتاح بە فەرمانی زەلەل سوڵتان – کە لە سەردەمی زەندییە ژیاوە و هیچ پەیوەندییەکی بە مەسعود میرزای کوڕی ناسرەدین شا کە زیاتر لە 150 ساڵی دواتر لەدایکبووە، نییە – لەم شوێنەدا نێژراوە و مەزارێکی بۆ درووست کراوە. بینای مەزارەکەش کاریگەریی لە شێوازی بیناسازی سەردەمی زەندییە وەرگرتووە و یەکێک لە بینا جوانەکانە کە یەک جار لە ساڵی 1247 لە سەرەتای سەردەمی ناسرەدین شای قاجار بە تەواوی نۆژەن کرایەوە. بیناکەش چوارگۆشەیە و هەر گۆشەیەکی 16 مەتر و جوانکاری زۆری تێدا کراوە.
گومەزەی کەبود
گومەزەی کەبود تاوەرێکە لە قەزای مەراغە کە بە وتەی شارەزایان پەیوەندی بە سەردەمی سەلجوقییەکانەوە هەیە. بە پێی هەندێک گێڕانەوە ئەم تاوەرە مەزاری دایکی هەلاکۆخانە بەڵام هیچ ئاسەوار و بەردەنووسێکی لە سەر نییە کە پیشاندەری ساڵ و هۆکاری درووستکردنی بێت. ساڵی 1340 ی کۆچی هەتاویش لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
ئەشکەوتی هامپۆئیلی شاری مەراغە
یەکێکی دیکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری مەراغە، ئەشکەوتی هامپۆئیلە کە کەوتووەتە 12 کیلۆمەتری شارەکە. لە نێو ئەشکەوتەکەش کۆترەکان بە کۆمەڵ دەبینرێن کە وایکردووە ئەشکەوتەکە بە ئەشکەوتی کۆترەکانی مەراغەش ناوبانگ دەربکات. لە دەروازەی ئەشکەوتەکەدا بەردەنووسێک هەیە بە زمانی ڕووسی و مێژووەکەی پەیوەندی بە ساڵی 1925 ی زائینییەوە هەیە.
ناوەندی ئەستێرەناسی شاری مەراغە
رەسەدخانە یان ناوەندی ئەستێرەناسیی شاری مەراغە بە یەکێکی دیکە لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم شارە هەژمار دەکرێت کە لە سەردەمی خاجە نەسیرەدین توسی، ئەستێرەناسی گەورە و ناوداری سەردەمی ئیلخانی درووست کراوە. ناوەندەکە بە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلام دانراوە و ئەمڕۆ بۆ گەشتیاران بووەتە هۆکارێکی گەشتکردنیان بۆ شاری مەراغە. لە نزیک ئەم ناوەندەش کتێبخانەیەکی گەورە بە 400 هەزار کتێبەوە هەیە کە کتێبەکان لە بەغدا، شام، جزیرە و بەیروت بۆ خوێندن و کەڵک وەرگرتنی زانایان هێنراوە.
پەرستگەی مێهری مەراغە
یەکێکی دیکە لە ئاسەوارە مێژووییەکانی قەزای مەراغە، پەرستگەی مێهری مەراغەیە کە بە میراتێکی گەورەی مەزهەبی لە ئێران دادەنرێت و لە گوندی وەرجوی دایە. ئەم بینایە بە چەشنێک پەیوەندی بە زەردەشتەکانەوە هەیە و وشەی مێهر یان میترا بە واتای دۆستایەتی و خۆشەویستییە.
تاڤگەی گورداغ
ئەم تاڤگەیە بە ناوی کورەچکانیش ناسراوە و لە بەرزاییەکانی شاخی سەهەند سەرچاوە دەگرێت و نزیکەی 9 مەتر بەرزە. لە گوندی چکاندایە کە تەنیا 5 کیلۆمەتر لە شاری مەراغە دوورە.
ماڵی ئەشرەف ئەلملوک نەبئی وەند
لە شاری مەراغە وەک شارەکانی دیکەی ئێران، بینا و ماڵی مێژوویی هەیە کە وەک میراتێکی بەنرخ بۆ جیلەکانی ئێستا ماوەتەوە. ماڵی ئەشرەف ئەلملوک نەبئی وەند لە ڕیزی ئەو ئاسەوارانەدایە کە مێژووەکەی بۆ کۆتایی سەردەمی قاجاڕییە و سەرەتای سەردەمی پاڵەوی دەگەڕێتەوە. ئەم بینایە کەوتووەتە شاری مەراغە و لە نزیک مزگەوتی مێژوویی شێخ بابا و بە ناوی ماڵی حەیدەرانلوش دەناسرێت.
پردی سەرچەشمە
پردی مەردەق لە ڕیزی گرنگترین پردە مێژووییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و تەنیا پردی مێژوویی قەزای مەراغەیە کە لە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئێران تۆمار کراوە. پردەکەش لە سەردەمی قاجاڕییەکان لە سەر ڕووباری مەردەق چای درووست کراوە.
مەزاری شێخ ڕۆکنەدین ئەوحەدی
مەزاری شێخ ڕۆکنەدین ئەوحەدی مەراغەیی، زانا و شاعیری ناوداری سەدەی هەشتەم، یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی مەراغەیە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.
گویجە قەڵا
گویجە قەڵا ناوی یەکێکی دیکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی مەراغەیە لە 45 کیلۆمەتری باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و لە نزیک ڕووباری قۆری چاییدایە. ئەم قەڵایە سرووشتییە و دەستی مرۆڤی تێدا نەبووە و مێژووەکەشی بۆ سەرەتای سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە.
بازاڕی مەراغە
بازاڕی کۆنی مەراغە یەکێکی دیکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارەیە. لەم بازاڕەدا قوتابخانەیەک بە ناوی موحییە هەیە کە پەیوەندی بە کۆتایی سەدەی 5 ی کۆچییەوە هەیە./.