بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن عێزەدین ئەندامی فراکسیۆنی وەفاداری بە خۆڕاگری لە پەرلەمانی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە سەردانەکەی عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ سوریا بە واتای بە فەرمی ناسینی شوناسی عەرەبیی ئەم وڵاتە و ڕۆڵ و پێگەی گرنگیە لە ناوچەکە کە هیچ کاس نابێت دەسدرێژیی بکاتە سەر.
ناوبراو وتی: سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ دیمەشق پەیامێکی گرنگی دیکەی هەبووە و ئەویش ڕاگەیاندنی شکستی پرۆژەی دابەشکردنی سوریایە کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسیش تێیدا بەشدار بوون.
عێزەدین وتی: ئەمە سەرکەوتن و دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ سوریا، لە بەر ئەوەی کە لەم ساڵانەدا بە خۆڕاگرییەکی کەم وێنە شکستی بە گرووپە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانی ئەوان هێنا.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی لوبنان سەبارەت بە پیلانگێڕییەکانی سعوودیەش وتی: ئێمە ڕێز لە سەرجەم وڵاتان و گەلانی عەرەبی دەگرین بەڵام دەستێوەردان و گوشارەکانی ئەوان لە کاروباری ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەی لوبنان ڕەتدەکەینەوە.
وتیشی کە ئێمە تێچوویەکی زۆرمان بۆ پاراستنی کەرامەت و دەسەڵات و سەروەری وڵاتی خۆمان داوە و گەنجانێکی زۆریش لەم ڕێگایەدا گیانیان بەخت کردووە، هەر بۆیە هیچ کات قبووڵ ناکەین وڵاتێکی دیکە سووکایەتی بە لوبنان بکات و سیاسەتی خۆی بە سەر ئێمەدا بسەپێنێت، ئەمە سیاسەتی ئێمەیە بۆ پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دیکە.
حەسەن عێزەدین لە شرۆڤەی هۆکارەکانی ئەم پیلانگێڕییەی سعوودیە وتی: یەکەم هۆکار بۆ شکستی هاوپەیمانی سعوودیە لە مەئربی یەمەن دەگەڕێتەوە و هۆکاری دووەمیش پەیوەندی بە شکستی سیاسەتەکانی سعوودیە لە ناوخۆی لوبنان بە تایبەت لە تاوانەکەی گۆڕەپانی تیونەوە هەیە کە بە پلانێکی پێشوەختە و لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانەوە هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی لە لوبنان دەدا بەڵام بە ووشیاری حیزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکە شکستی هێنا./.