بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، 100 ڕۆژ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی تێپەڕ دەبێت و لەم ماوەیەدا وەزیرانی پەیوەندیدار هەوڵی ئەوەیان داوە کە دۆخی ئابوری وڵات بەرەو باشتربوون ببەن، بە تایبەت وەزارەتی نەوت کە سەرەڕای هەبوونی کێشە جۆربەجۆرەکان، بە کردەوە دەسکەوتی گەورەی تۆمار کردووە.
تێڕوانینێک لە سەر کارنامەی وەزارەتی نەوت لەم کابینەی ئێستا، پیشان دەدات کە ئیرادەیەکی جیدی بۆ چاکسازی هەبووە، بە شێوازێک کە بەدەر لە جێبەجێکردنی پلان و بەرنامە دیاریکراوەکان، کێشەیەکی گەورەی وەک هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنی بە باشترین شێواز تێپەڕ کرا.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران
جەواد ئەوجی کاتێک وەک وەزیری پێشنیارکراوی نەوت لە کابینەی سێزدەیەم بە پەرلەمانی ئێران ناسێندرا، یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانی خۆیی وەک بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوت ناو برد و وتی کە بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە چەند شێوازێک دەگیرێت.
وەزیری نەوت لە هەمان کاتدا وتی کە ئێران خۆی بە گەمارۆ و ڕێکەوتنەکانەوە نابەستێتەوە و ڕێژەی هەناردەی نەوت بەرز دەکاتەوە. بابەتێک کە ئێستا لە پاش 100 ڕۆژ ڕوون بووەتەوە کە پلانی تایبەتی بۆی هەبووە و ئەمەش وەک ستراتیژێکی سەرەکی دانراوە.
ناوبراو لەم ماوەیەدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران وتی: لە کابینەی سێزدەیەم هەنگاوی باش لە بواری بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان هەڵگیراوە.
ئەوجی وتی کە پیلانگێڕییەکەی ئەم دواییەی هێزی دەریایی ئەمریکاش لە دەریای عۆمان پیشاندەری سەرکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوت.
ئاماژەی وەزیری نەوت بۆ دزینی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران و گواستنەوەی نەوتەکەی بۆ کەشتییەکی دیکە لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بوو کە بە ووشیاری و هەنگاوی قارەمانانەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران نەک تەنیا ئەو پیلانە پووچەڵ کرایەوە بەڵکوو جیهان هێزی بەرەنگاربوونەوەی ئێرانی لە بەرامبەر ئەمریکا جارێکی دیکە بۆ ڕوون کرایەوە.
وەزیری نەوتی ئێران وتی: ئێمە چاوەڕوانی هەڵگرتنی گەمارۆکان و ڕێکەوتنەکان نابین و هەوڵ دەدەین بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم توانا ناوخۆییەکان و دەفرایەتییە دەرەکییەکان دەسکەوتی زیاتر بە دەست بێنین.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە پێچەوانەی بەڵێن و بانگەشەکانی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، لەم ماوەیەدا داوای لە وڵاتانی جیهان کردبوو کە واز لە هاوردەی نەوتی ئێران بێنن.
بایدن کە لە لایەکەوە باس لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران دەکات و ئەم بەڵێنەشی بەردەوام دووپات کردووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە بە کردەوە هەوڵی زیاتربوونی گەمارۆ زاڵمانەکانی داوە. ئاماژەی بایدن بە وڵاتی چینە کە بە کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێران دادەنرێت و ئەوەشی باسکردووە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران، نەوتی پێویست لە بازاڕەکانی جیهاندا هەیە.
ئەم لێدوانەی بایدن پیشان دەدات کە ئێران لە ڕێگای هەناردەی نەوتەکەی سەرکەوتوو بووە. ئامارە ئابورییەکانیش پیشان دەدات کە گەشەی ئابوری وڵات بە داهاتە نەوتییەکانەوە خێراتر دەبێت.
زستانی ئەمساڵ ئێران کێشەی سووتەمەنیی نابێت
بە هاتنەسەرکاری کابینەی نوێی ئێران، وەزارەتی نەوت پلانی دابینکردنی سووتەمەنی پێویستی بۆ وەرزی سەرمای ئەمساڵ ڕاگەیاند. لە ئێستادا بە هۆی سەرماوە بەکارهێنانی وزەی گاز لە ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش وایکرد کە هەندێک بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویستی زستان بۆ ماڵان و کارگە و پیشەسازی و وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەبا نیگەران بن، سەرەڕای ئەمەش وەزارەتی نەوت ڕایگەیاندووە کە گرنگی زیاتر بە دابینکردنی سووتەمەنی ماڵان دەدات و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات گازی پێویستی وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەباش وەک خۆی دابین بکرێت. وەزارەتی نەوت بۆ ئەم ئامانجەش پلانی پێویستی هەبووە، بۆ نموونە، کێڵگەی گازیی پارسی باشور کە لە سەدا 70 ی گازی پێویستی ناوخۆیی ئێران دابین دەکات، لە ئێستادا بەوپەڕی تواناوە ئامادەیە گازی پێویست بۆ وەرزی سەرمای ئەمساڵ دەستەبەر بکات.
کارگێڕی گشتی کۆمپانیای نەوت و گازی پارس ڕایگەیاندووە کە کاری پێویست لە کێڵگەی گازیی پارسی باشور کراوە و بۆ گەیشتنی ڕێژەی وەبەرهێنانی ڕۆژانەی گاز بە ڕێژەی 700 ملیۆن مەتری سێجا لە زستانی ئەمساڵ ئامادەکاری کراوە و ئەمەش لە 37 سەکۆی دەریایی پارسی باشورەوە دەکرێت.
لە ئێستادا نەک تەنیا سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکان پێشبینی و دابین کراوە، بەڵکوو زیاتر لە ڕێژەی پێویست بۆ بەکارهێنانی ئەمساڵیش هەیە و بەمەش دەکرێت ڕەوانەی وڵاتانی دیکە بکرێت.
گرنگیدان بە کێڵگە هاوبەشەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ
لە گەڵ ڕێکخستنەوەی دۆخی هەناردەی نەوت و دابینکردنی سووتەمەنی پێویستی وەرزی زستان، وەزیری نەوت سەردانی ناوچە جیاجیاکانی وڵاتیشی کردووە تا لە دۆخی وەبەرهێنانی نەوت و گاز زیاتر و لە نزیکەوە ئاگادار بێت.
بە پێی ئەوەی کە پەرەپێدانی کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت و گاز بەردەوام جێی گرنگی و بایەخی کابینەی سێزدەیەمی ئێران بووە و کەمتەرخەمی لەم بوارەدا بە واتای پێدانی دەرفەتی زیاتری کەڵک وەرگرتنە بە وڵاتانی دراوسێ، وەزیری نەوت سەردانی پارێزگاکانی بوشەهر و خوزستانی کرد کە گەورەترین کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت و گازی ئێران لەو دوو پارێزگایەدایە.
جەواد ئەوجی بە ئاماژە بە پاراستن و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت و گاز، وتی: بەڵێنی ئەوەمان بە سەرۆک کۆمار داوە کە چارەنووسی پەرەپێدانی کێڵگە هاوبەشەکان لەم کابینەیەدا دیاری بکرێت.
ناوبراو وتی: پلانی ئەوەمان داڕشتووە کە زیاترین وەبەرهێنانمان لە کێڵگە هاوبەشەکان هەبێت.
ڕۆڵی زیاتری ئێران لە بازرگانیی گازی جیهان
ئێران وەک دووەم وڵاتی خاوەن سەرچاوە گازییەکان و سێهەم وەبەرهێنەری گازی جیهان، هەوڵی ئەوە دەدات لە بازرگانیی گازی جیهاندا ڕۆڵی زیاتری هەبێت.
بۆ ئەمەش بەدەر لە زیاترکردنی ڕێژەی هەناردەی گاز بۆ دوو وڵاتی تورکیا و عێراق و هەروەها دابینکردنی بازاڕی نوێی هەناردە، دەرفەتێک دابین کراوە تا بە پێکەوەبەستنی تۆڕی گازی ئێران و تورکمانستان، زیاتر هەنگاو بەرەو بازاڕی ناوچەکە و جیهان هەڵبگیرێت.
ئێران لە هەندێک کات گازیشی لە تورکمانستان هاوردە کردووە کە بۆ ناوچە سنورییەکانی نزیک لەو وڵاتە لە ڕووی ئابورییەوە قازانجی زیاترە. وەزیری نەوت ڕایگەیاندووە کە ئێران هەوڵی دانەوەی قەرزەکانی بە تورکمانستان دەدات تا لەم دەرفەتە لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دیکە کەڵک وەربگرێت.
پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی دوژمنان
ڕەنگە بتوانین گەورەترین دەسکەوتی وەزارەتی نەوتی کابینەی ئێستای ئێران بە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی بەنزینیی دوژمنان ناو ببەین کە بە بێ هیچ تێچوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغەش تێپەڕ کرا.
هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنی ئێران لە کاتێکدا لە ماوەی هەشت ڕۆژدا پووچەڵکرایەوە کە دوژمنان لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە پێی ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو لە پێناو ئامانجەکانی خۆیان دژ بە ئێران کەڵکی لێ وەربگرن. ئەم پرۆسەیە لە ماوەی 8 ڕۆژ و بە هێزێکی 4 هەزار کەسی شکستی هێنا و دوژمنان کەمترین دەسکەوتیان لەو پیلانگێڕییە نەبووە.
خاڵی گرنگ لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە، ئامادەبوونی بەرپرسان لە نێو خەڵک و دڵنیاییدان بەوان بوو کە لە زووترین کاتدا چارەسەر دەکرێت، تەنانەت سەرۆک کۆماری ئێران خۆی سەردانی بەنزینخانەکانی کرد و لە گەڵ خەڵک ڕاستەوخۆ قسەی کرد. لە ئاکامدا بە هەوڵی وەزارەتی نەوت و بە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکە، دابەشکردنی سووتەمەنی لە ڕێگای کارتە تایبەتەکەی خەڵکەوە ئاسایی کرایەوە و بەنزین و گاز وەک جاران کەوتنەوە بەردەستی خەڵک./.