عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە کە بڕیار بوو بکرێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری و ئاسایشی زیاتری ئەم وڵاتە، بووەتە هۆکارێک بۆ زیاتربوونی کەلێن و ناکۆکییەکان. چەند هۆکارێک بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنانە ڕۆڵی لە سەر ئاڵۆزکردنی ڕەوشی عێراقدا هەبێت و لە ڕاستیدا وەک هەڕەشەیەک لە سەر ئەم وڵاتە بێت: یەکەم هۆکار، ئەو بێ متمانەییەی کە باڵی بە سەر دەسەڵات و خەڵکی عێراقدا کێشاوە. متمانەی پێویست لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانی عێراقدا نییە. ئەمەش لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕوونی بینرا و لە سەدا 59 ی خەڵک بە باشیان زانی کە بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا نەکەن. ئەم بێ متمانەییە دیسانەوە لە پاش هەوڵی تیرۆری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بینرایەوە و هەر کەس و لایەنێک، ئەوی دیکە بەو تیرۆرە تۆمەتبار دەکات و تەنانەت هەندێک بڕوایان بەوە هەیە کە هەوڵی تیرۆری کازمی لە لایەن کەسانی نزیک لە سەرۆک وەزیران و بە ئاگاداری ئەو کراوە.
دووەم هۆکار، ویستی بە دەسەڵات گەیشتنە لای کەسایەتی و لایەنە عێراقییەکان. ئەم دۆخەش وایکردووە کە ئەو یەکڕیزی و پێکەوەبوونە لای لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بەدی نەکرێت، هەر ئەمەش وایکردووە کە هەڵبژاردنەکان بە پێچەوانەوە کاریگەری نەرێنی لە سەر دۆخی عێراق بە گشتی دابنێت.
سێهەم هۆکار، بەرژەوەندیخوازی نەتەوەیی و مەزهەبییە. بە لای لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە هێشتا بەرژەوەندی نیشتمانی بە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و مەزهەبیدا زاڵ نەبووە و هەر ئەمەش وایکردووە کە دەسەڵاتی عێراق بۆ بەهێزبوون ڕوبەڕوی کێشەی جیدی ببێتەوە. کۆی گشتی ئەم هۆکارانەش وایکردووە کە بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەوە، هەڵبژاردنەکان لە عێراق هۆکارێک بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی بێت و کاریگەری نەرێنی لە سەر دۆخی ئەم وڵاتە بە گشتی دابنێت.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکان کە دەبێت هۆکارێک بۆ ئاسایش و سەقامگیری زیاتری عێراق بن ڕوبەڕوی خۆپێشاندەران دەبنەوە و ئەمەش کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی لێکەوتەوە. هەروەها سەرۆک وەزیران ڕوبەڕوی هەوڵێکی تیرۆر دەبێتەوە کە هێشتا دیار نییە کێی لە پشتەوە بووە و ئەنجامدەرەکانیش کێ بووە.
بە ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوخۆیی عێراق، کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی شێعە بەڕێوەچوو و لە سەر چەندین خاڵ گەیشتنە ڕێکەوتن. ئەو ڕێکەوتنەش بۆ ڕزگارکردنی عێراقە لەم دۆخە بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بەوەیە کە لایەنە سیاسییەکانی دیکەش تا ڕادەیەک واز لە بەرژەوەندی خۆیان لە پێناو پاراستنی عێراق بێنن./.