بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەڕی هاوپەیمانی تاوانباری سعوودیە لە دژی یەمەن لانیکەم زیاتر لە 250 هەزار کوژراو و سەدان هەزار بریندار و ملیۆنان ئاوارە و ملیاران دۆلار زیانی ئابوریی بە دواوە بووە و ئەمەش وایکردووە کە وەک گەورەترین قەیرانی دەستکردی مرۆڤ لە سەر ئاستی جیهان ناو ببرێت.
هێرشەکانی هاوپەیمانی سعوودیە لە دژی یەمەن و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان هەڕەشەی لە سەر نیوەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە داناوە و خەڵکەکەیی ڕوبەروی برسێتی و نەخۆشییە جۆربەجۆرەکان کردووەتەوە.
شەڕی یەمەن لە ساڵی 2015 لە لایەن هاوپەیمانی سعوودیەوە دەستیپێکرد و ئەمەش تەنیا نوێترین هەوڵی دەسەڵاتدارانی ڕیاز بۆ کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بە سەر کەرتی ئابوری و سیاسی یەمەندا بووە.
کێبڕکێیەکی گرنگی ناوچەیی
سعوودیە زیاتر لە سێ دەیە، شەڕێکی ئابوریی لە دژی یەمەن بە ئامانجی ڕێگری لە بەهێزبوونی ئەم وڵاتە وەک هێزێکی کاریگەری ناوچەکە دەستپێکردووە. بەم دواییانە سعوودیە مافی مانەوەی دەیان هەزار کرێکاری پەنابەری یەمەنی هەڵوەشاندەوە کە ئەوانیش لەم دۆخە دژوارەی وڵاتی خۆیان و لە نێو ئەم کارەساتە گەورە مرۆڤییەدا ناچار بە گەڕانەوە بۆ یەمەن کراون.
بڕیارەکەی ڕیاز بۆ دەرکردنی کرێکارانی یەمەن، بەشێک لە نموونەیەکی کۆن و مێژووییە. لە کاتی دامەزراندنی حکومەتی سعوودیە لە دەیەی 1930، پاشاکانی ئەم وڵاتە بەردەوام بوونی یەمەنیان وەک هێزێکی گەورە و وڵاتێکی یەکگرتوو – بە تایبەت لە پاش یەکگرتنەوەی یەمەنی باشور و باکور لە ساڵی 1990 – بە مەترسییەک لە سەر خۆیان داناوە.
سعوودیە بۆ خوڵقاندنی کێشە ناوخۆییەکان و لاوزکردنی یەمەن لە ڕووی ئابورییەوە، موڵەتی کارکردن و مانەوەی کرێکارانی یەمەن و هەروەها یارمەتییە داراییە دەرەکییەکانی ئەم وڵاتەی هەڵوەشاندەوە. ڕیاز هەروەها لە پێناو ئامانجەکانیدا یەمەنی لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس دوورخستەوە و ئەم قەیرانەی دەسەڵاتەش وایکردووە کە یەمەن دیسانەوە هەنگاو بەرەو دابەشبوون بنێت.
ئەگەرچی ڕەنگە بەم دۆخەوە هێشتا زوو بێت باس لە داهاتوو و چارەنووسی یەمەن بکرێت، بەڵام دەتوانین بڵێین کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی سعوودیەدایە هێرشە سەربازییەکان ڕابگرن و هەروەها لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە یارمەتیدەری ئەم وڵاتەی دراوسێی خۆیان بن.
هەوڵە بەردەوامەکانی سعوودیە بۆ ڕێگری لە گەشەسەندنی یەمەن بە هاتنەسەرکاری حکومەتێکی لاواز لەم وڵاتە بە ئامانجە ئەمنییەکان هێندە سەرکەوتووە نەبووە و تەنیا بووەتە هۆکاری شەرێکی سەربازیی پڕتێچوو و ڕەوشی ناوچەکەشی ئاڵۆز کردووە.
باشترە سعوودیە پاڵپشتی لە کەرتی ئابوری یەمەن بکات و ڕێگا یاساییەکانیش بۆ دانیشتووانەکەی بکاتەوە تا ئەوانیش بتوانن لە سعوودیە چالاکی بکەن.
کۆچی کرێکارانی یەمەنی بۆ سعوودیە پێش ساڵی 1990 و هەروەها بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەی کەنداوی فارس، بووە هۆکارێک بۆ گەشەسەندی ئەم وڵاتە، لە بەر ئەوەی کە کرێکارە یەمەنییەکان پارەکانی خۆیان زیاتر لە بواری ئاوەدانکردنەوە لە هەر دوو ناوچەی باشور و باکوری یەمەن بەکار دەهێنا.
بە درێژایی دەیەکانی 1970 و 1980، نزیکەی 700 تا یەک ملیۆن و 800 هەزار یەمەنی لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس – وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوتی بەحرەین، کوێت، عۆمان، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات – چالاکییان دەکرد.
بەڵام لە کۆتایی دەیەی 1980، خاوەنکارانی سعوودی بە ئامانجی دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی هەرزانتری کار ڕوویان هێنایە جێگرتنەوەی کرێکارە یەمەنییەکان. بۆ ئەمەش کرێکارانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە خێرایی گەیشتنە سعوودیە و ژمارەیان بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کرد، سەرکردەکانی سعوودیە بیریان لەوە دەکردەوە کە لە داهاتوودا ئەو کرێکارانە هێندە بەشداری لە شۆڕشە نەتەوەیی یان ئیسلامییەکانی وڵاتانی عەرەبیدا ناکەن.
ڕەهەندە سیاسی و ئابورییەکان
سعوودیە لە ساڵی 1990 لە یەکگرتنەوەی یەمەن و بەهێزبوونی لە سەر ئاستی ناوچەکە هەستی بە مەترسی کرد. هەروەها مەترسییەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئەوە بوو کە یەمەن ببێتە بەهەشت و پەناگەیەکی زۆر باش بۆ نەیارانی ئەوان و بۆ ئەمەش پەنایان بۆ دژایەتی حکومەتی یەمەن و لاوازکردنی لە ڕووی ئابورییەوە هێنا. پاش هێرشەکەی سەدام بۆ کوێت، حکومەتی یەمەن پاڵپشتی خۆیی بۆ عێراق ڕاگەیاند. لەو کاتەدا یەمەن کورسییەکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو و نوێنەرەکەی لە تشرینی دووەمی 1990 لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێز لە دژی عێراق و ئازادکردنی کوێت دەنگی نەرێنی دا. ئەم پاڵپشتییەی یەمەن لە ڕژێمی سەدام بۆ مێژووی هاوکارییە ئابوری و سەربازییەکانی نێوانیان دەگەڕایەوە.
جێمز بێکر وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەنگەکەی یەمەن بە یەکێک لە پڕتێچووترین هەڵەکانی ئەم وڵاتە دادەنرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بانکی جیهانی و سندۆقی نێودەوڵەتی دراو دەستبەجێ هاوکارییە داراییەکانیان بۆ یەمەن ڕاگرت و سعوودیە و وڵاتانی دراوسێش موڵەتی کارکردن و مانەوەی کرێکارانی یەمەنیان هەڵوەشاندەوە و بە کردەوە 88 هەزار کرێکار لە ئاکامی ئەو بڕیارە دەرکران.
پەنابەرە دەرکراوەکان بە ڕێژەی لە سەدا 30 تا 40 ی بێکاری و بە بێ هیچ ئەزموونێکی کارکردن و بە بێ ماڵ گەڕانەوە یەمەن و ئەمەش قەیرانێکی گەورەی خستە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە.
دۆزینەوەی نەوت لە کۆتایی دەیەی 1980 و پەرەپێدانی لە دەیەی 1990 سەرچاوەیەکی دارایی نوێی بۆ حکومەتی یەمەن دابین کرد. سەرەڕای ئەمەش، گۆڕینی خەزێنەی حکومەت لە داهاتی کرێکارانەوە بۆ داهاتی نەوت، کەلێنە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی زیاتر کرد و بە ئاسانی هەست بەم نایەکسانییە لە یەمەنی ئەو سەردەمەدا دەکرا.
سیاسەتی دەرکردنی کرێکارانی یەمەنی بەردەوام لای دەسەڵاتدارانی سعوودیە پەیرەو کراوە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2013 نزیکەی 400 هەزار یەمەنی بە پێی سیاسەتی نوێی ئابوریی ڕیاز دەرکران.
لە ئێستادا بە تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش ساڵ بە سەر شەڕی سەپێندراوی یەمەن، سعوودیە پێشنیارێکی بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە خستووەتەڕوو کە یەکێک لە خاڵەکانی جێگیرکردنی ئاگربەستی سەرتاسەرییە لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. شارەزایانیش دەڵێن ئامانج لەم پێشنیارەی سعوودیە تەنیا ڕزگاربوونە لە گێژاوی شەڕی یەمەن، لە بەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ڕیاز هیچ هیوایەکیان بە سەرکەوتن لەم شەڕەدا نەماوە./.