بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرپەرشتیاری تیمی تایکواندۆی چەمچەماڵ و یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق، لە ساڵی (١٩٩٦) بووەتە یەکێک لە یاریزانەکانی تایکواندۆ لە سنووری شاری چەمچەماڵ و لە سەر دەستی مامۆستاکەی عەلی تەھا دەستی بە یاری کردووە.
ھاوکات لە ساڵی (٢٠٠٥) ەوە راھێنەری وەرزشی تایکواندۆیە لە چەمچەماڵ. لە ئێستاشدا (٣) ھۆڵی راھێنانی تایبەت بە تایکواندۆیان ھەیە کە پێکھاتەی زیاتر لە (٥٠) یاریزانە لە ھەردوو رەگەز،لە گفتوگۆیەکی جام کوردیدا سەبارەت بە ھەوادارانی وەرزشی تایکواندۆو ئەو مەدالیایانەی بە دەستھاتووە لە شارەکەیاندا ئاراس حاجی عومەر وتی: حەزێکی زۆر ھەیە لە چەمچەماڵدا بۆ یاری تایکوانداوو لە پاڵەوانێتیەکاندا ئەنجامی زۆر باشمان بە دەست ھێناوە لەوانە” لە تونس (٣) مەدالیام بەدەستھێناوە، لە ئێران و شارەکانی کەرەج و تارانیش مەدالیام بەدەستھێناوە.
سەبارەت بە ووردەکاری زیاتری ئەم وەرزشە ئاراسی تایکواندۆ وتی: ئێمە تیمێکمان سەر بە یانەی وەرزشی چەمچەماڵەو ئەکادیمیایەکی تایکواندۆشمان ھەیە لەگەڵ (٢) فێرگەی تایکواندۆ، ھەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە بە ھێواشی بەشداری چالاکیەکانمان کردووە لە سنووری چەمچەماڵ،دواتر لە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و کەرکوک خۆمان بینیوەتەوەو پاشان لە سەر ئاستی پاڵەوانێتیەکانی ھەرێم و عێراق بەشداریمان کردووە، وە لەم ساڵانەی کۆتایشدا بەشداری پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکانمان کردووە لەوانە” ھەردوو پاڵەوانێتی تایکواندۆی ئاسیا لە وڵاتی لوبنان و پاڵەوانێتی جیھان لە وڵاتی میسر، ھەروەھا بەشداری پاڵەوانێتی( turksh open)نمان کردووە (ئەوەی کە یاریزانێکی زۆر لە سەر ئاستی جیھان بەشدار دەبێت)،بەشداری پااڵەوانێتی (فەجر) ی ئێرانمان کردووە، پاڵەوانێتی وڵاتی (ئوردون)، وە پاڵەوانێتی (مالیزیا)ی نێودەوڵەتی، سوپاس بۆ خوا ئەنجامی باشمان بە دەستھێناوە .
ناوبراو سەبارەت بە پاڵەوانێتی تایکواندۆی فەجری ئێرانیش وتی: ساڵی (٢٠٢٠) دوو یاریزانمان لە دورگەی (کیش)ی ئێران بەشدارییان کردوو ساڵی (٢٠١٨)ش لە شاری (ساری) پایتەختی مازندەران چەن یاریزانێکمان کە لە ریزی یانەی شورتەی عێراق بوون بەشداربوون،پێشتریش یاریزانەکانمان لە رێگای یانەی کەرکوکەوە بەشداری پاڵەوانێتیەکانیان کردووە لە پاڵەوانێتیەکانی تایکواندۆی ئێراندا.
سەبارەت بە کاریگەری راھێنەرە ئێرانیەکانی ئێران لە بواری وەرزشی تایکواندۆ وتی: من خۆم لە سەر دەستی راھێنەری ئێرانی ئوستاد حوسەین عەلی نەزەری ئەکادیمی تایکواندۆم وەرگرتووە، ھەر بۆیە کە زانیم مامۆستا ئێرانیەکەم لە تایکواندۆ ئەوەندە ئاستی بەرزە لە ساڵی (٢٠١٨) ماڵی خۆم بردە تاران و لەگەڵ خێزانم و مناڵەکانم ماوەی (٦) مانگ لە تاران مامەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام لە سەر دەستی مامۆستاکەم راھێنانی نوێ وەربگرم، لەو ماوەیەدا خۆی و کوڕەکەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی منیان زۆر باش فێری تەکنیکەکانی تایکواندۆ کرد، لە دوای ئەوەش بەردەوام ھاتووچۆی ئێرانم کردووە بەردەوام بووم لە بەشداری کۆرس و راھێنان و بەرنامەم وەرگرتووە، پاشان ئەھاتمەوە لە چەمچەماڵ بە پراکتیکی راھێنانم ئەکرد، بۆ نمونە (١٠) رۆژ لە ئێران بومایە ئەھاتمەوە (٢٠) رۆژ تەمرینم لە بەرنامە نوێکانی تایکواندۆ ئەکرد.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئەو راھێنەرەی تایکواندۆی چەمچەماڵ وتی: ئەڵبەتە ئێرانیەکان ئەزمونێکی زۆر گەورەیان ھەیە لەم وەرزشەدا، وە خاوەنی ژمارەیەکی زۆرە لە تایکواندۆ، جارێکیان لە خولی ماستەر بووم لە ئێران، کە لەلایەن تایکواندۆی جیھانەوە سەرپەرشتی ئەکرا:
سەرۆکی تایکواندۆی جیھان وتیشی: تایکواندۆ ئێستا لە دەستی ئێراندایە، چونکە ئێران خاوەنی (٢٠) ھەزار راھێنەری تایکواندۆیە، لەناو ئەو راھێنەرانەدا چەند راھێنەرێک یارمەتی منیان داوە لەوانە، مونسی شیر موحەمەدی خەڵکی ئیلام لە بەشی قیتال، تەنانەت زیاتر لە (١٥) جار بۆ راھھێنانی من ھاتووتە چەمچەماڵ، منیش چەن جارێک بۆ ناوەندی مەشق و راھێنانی ئێلام چوومەتە لای، ھەروەھا دکتۆر حسین زادە کە خەڵکی قەسری شیرینەو ئێستا لە کرماشان دائەنیشێت و جێگری بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوانی کرماشانە، مامۆستای چیرۆکیم بووە کە یەکێکە لە راھێنەرە ھەر بەناوبانگەکانی عێراق و ئێران، تەنانەت چەند ساڵێک راھێنەری ھەڵبژاردەی عێراق بووە، زۆر وانەی تایبەتی پێم وتوەتەوەو منیش توانیومە یاریزانەکانم پێش بخەم.
سەبارەت بە سودمەندبوونی یاریزانانی تایکواندۆ لە بەھرەو تواناکانی راھێنەرە ئێرانیەکان ئاراس وتی: راستی ئەوەیە ئێران لە سەر ئاستی جیھان و پاڵەوانێتیەکانی جیھان ژمارەیەکی زۆر گەورەیە لە تایکواندۆدا، ھاوکات خاوەنی کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورەیە کە جێگای شانازییە ئێمە ھەندێکیان ئەناسین و سودمان لێیان وەرگرتووە، تەنانەت سەرپەرشتی مەشق و راھێنانەکانمانیان کردووە، بە تایبەتی خۆم سودێکی زۆرم لە ئەزمونی راھێنەرە ئێرانیەکان بینیوە، بۆیە بە بوونی ئەوان پێویستم بە کۆریای باشور نەبووە، من راستە تا ئێستا کۆریای باشورم نەبینیوە تەنھا لە بەر ئەوەی ئێران لێمەوە نزیکە، بۆیە بڕوام وایە ئەوەی لە کۆریای باشور ئەمەوێ فێری ببم، لە ئێران فێری ئەبم و بیرم لی نەکردووەتەوە سەردانی کۆریا بکەم، لەکاتێکدا یاری تایکواندۆ لە کۆریای باشور دروست بووە. بەڵام تەکتیک و تواناو ھێزەکەی ئێستا لە وڵاتی ئێراندایە، کە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە لە تایکواندۆیا، خاوەنی یاریزانانێکی وەکو (کیمیا عەلی زادەیە، ھادی سەعیدە، یوسف کەرەمیە، حەمید نەزەری و سروشت بەختیارو مەسعود حاجی زەوارەی کرماشانە)، لە بەر ئەوە ئێران بۆ من وەکو ئەکادیمیایەکی زانستی گەورەیە، چونکە ئەو پێشکەوتنەی ھەمە پەیوەندی بەو تێکەڵاوی یەوە ھەیە لەگەڵ وەرزشی تایکواندۆی ئێران . بۆیە خۆم و تیمەکەم بەردەوام بەشداری پاڵەوانێتیەکانی ئێران ئەکەین و یاریزانەکانم بڕوانامەی بەرزو خەڵاتی گەورەیان بەدەست ھێناوە.
ناوبراو لە بارەی راھێنەری کۆریای باشوور کە زیاتر لە (٣٥) ساڵە مەشق و راھێنان بە ھەڵبژاردەی تایکواندۆی ئێران ئەکات وتی: دراند ماست فرشین چولکانگ کە لە نزیکەوە چوومەتە خزمەتی و وێنەم لەگەڵ گرتووە، ئەو پیاوە خەڵکی کۆریای باشورە، لە ساڵی حەفتاکانەوە لە وڵاتی ئێران مەشق و راھێنان ئەڵێتەوەو سەرپەرشتی ھەڵبژاردەی ئێرانی کردووە، لە ماوەی (٣٥ بۆ ٤٠) ساڵی رابردوودا بە دەیان قارەمان و پاڵەوان و راھێنەری پێگەیاندووە لە وڵاتی ئێراندا، بەڵام ئێمە نەک ناتوانین بچینە کۆریا کە تایکواندۆ لە کۆریا دروست بووە، تەنانەت نەمانتوانیوە فارس و کوردەکەی ئێرانیش لە خۆمان نزیک بکەینەوە، یاریزانی وا ھەیە لە ئێرانا گەنجە بەڵام بۆ من وەکو پرۆفیسۆرێک وایە، وەکو خەڵکێکی کارامەو گەورەو خاوەن ئەزمون وایە ئەوەندە زانست و مەعریفەتی پێیە لە بواری یاری تایکواندۆدا، ئێستا حالیەن (٣بۆ٤) یاریزانم لە کرماشانەو لە تایکواندۆ وانە ئەخوێنن لای (ئوستاد موئمینە) راھێنانە ئەکەن و وانە ئەخوێنن، تەنھا لە بەر عەشقەکەیان بۆ تایکواندۆ رێگام پیشانداون بڕۆن لە ئێران خۆیان پێ بگەیەنن، چونکە لەو وڵاتە قەدری وەرزش ھەیە، بڕۆن تێکەڵیان بن، لە سەر ئەرکی خۆیان رۆشتوون.
لە بارەی فیدراسیۆنی تایکواندۆی عێراقیشەوە ئاراسی تایکواندۆی چەمچەماڵ وتی: لە عێراق ماوەی (٧) ساڵ فیدراسیۆنەکەمان سزا درا بوو، واتە خاوەنی فیدراسیۆنی تایکواندۆی عێراق نەبووین، لە دوای ئەوە تیمێک ھاتونەتە پێشەوە پێکھاتووە لە کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆزو دەسەڵاتدار، خزمەتی وەرزشی تایکواندۆ ئەکەن، سەرۆکی فیدراسۆنی تایکواندۆی عێراق ئێستا دکتۆر ئیبراھیم بەھادلی یە، ئیمکانیەت و عەڵیەتێکی وەرزشی باشی ھەیە، ئەم ماوەیەی ئێمە بەشدارییە نێودەوڵەتیەکانمان کردووە، بە ھاوکاری دکتۆر ئیبراھیم و لە سەر ئەرکی خۆی بووە، بۆ نمونە” ئێمەی بردووە بۆ لوبنان بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا لە سەر گیرفانی خۆی ھێناوە، ئەمە ھەوڵێکی باشە، بۆیە ئێستا جموجوڵێکی ئەم وەرزشە ھەیە لە سەر ئاستی عێراقدا، بۆیە من لەو بڕوایەدام ئەگەر دڵسۆزی ئەم پیاوە بەردەوام بێت کاری گەورەو مەزن ئەنجام ئەدات. چونکە لەو ماوە کەمەدا بەشداری پاڵەوانێتی ئاسیاو عەرەبی و ناوخۆی عێراقی پێ کردووم، تەنانەت لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەشداری پاڵەوانێتی جیھان بکەم لە وڵاتی کۆریاو پاڵەوانێتی ئاسیاش لە وڵاتی ئێران، ھەر بە پێی زانیارییەکانم ئەو مامۆستایەی لە ئێرانە لە سەر دەستی راھێنانم وەرگرتووە، بە پێی گرێبەستێک لەگەڵ فیدراسیۆنی تایکواندۆی عێراق بڕیارە بێتە عێراق و مەشق و راھێنان بە ھەڵبژاردەی تایکواندۆی عێراق بکات، کە منیش بەشدار ئەبم لەو راھێنانە بۆ من زۆر جێگای خۆشحاڵی و شانازییە.
لە بارەی قەدری وەرزشی تایکواندۆ لە ھەرێمی کوردستان ئاراسی تایکواندۆ وتی: بەداخەوە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان یانەیەک نیە ھەوڵی ئەوە بدات یارییە قیتالییەکان پێشبخات و بڵێت” با لە رێگای پاڵەوانێتیەکانەوە ھەرێمی کوردستان بناسێنم بە دەرەوە، بۆیە لیژنەی ئۆڵۆمپی و بەڕێوەبەرایەتیە وەرزشیەکان ھەر ھەمویان لە خزمەتی وەرزشی تۆپی پێدان، ئەمە لە کاتێکدا کە مناڵێکی کورد لە بواری یارییە قیتالیەکانی وەک تایکواندۆو کاراتی و کۆنفۆ بە کولفەو ئیمکانیاتێکی کەم ئەتوانرێت بیگەیەنرێتە پاڵەوانێتیە جیھانیەکان و ناوی کوردستان و عێراقیش بەرز بکاتەوە.
لە کۆتاییشدا وتی: جارێکیان لە پاڵەوانێتی جیھان لە کەناری دەریا لە میسر بەشداریم کرد، پێش رۆشتنم دەرفەتی ئەوەم نەبوو بچمە تاران بۆ وەرگرتنی مەشق و راھێنان، لە بەرامبەردا کوڕی ئوستاد گراند ماستەر حسەین عەلی نەزەری سەرۆکی راھێنەرانی ئێران ھاتە چەمچەماڵ و ماوەی یەک ھەفتە ئامادەی کردم بۆ ئەو پاڵەوانێتیەو ئینجا بەڕێی کردم بۆ پاڵەوانێتیە، سوپاس بۆ خوا پلەی دووەمم بەدەستھێنا لەو پاڵەوانێتیەدا، بۆیە سوپاسی مامۆستاکەم و حەمید نەزەری کوڕی ئەکەم، کە تیمەکەمیان کردووە بە تیمێکی ئەکادیمی. ئاوات و خەونم ئەوەیە” رۆژێک لە رۆژان خۆم یان یاریزانێکم ببینم بگاتە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد.
ئامادەکردنی / ئارینا ھەڵەبجەیی