بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکدا بە بۆنەی ڕۆژی شەهید – پێنج شەممە 11 ی تشرینی دووەمی 2021 – وتی: شەهیدان ڕۆڵی گەورەیان لە شکستی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، ئەم شکستەش وایکردووە کە وڵاتانی عەرەبی دان بە سەرکەوتنی سوریا و بەشار ئەسەددا بنێن، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش پیشاندەری قبووڵکردنی ئەم شکستەیە، شکست لەو پرۆژەیەی کە بە سەدان ملیار دۆلاریان لە پێناویدا بەکار هێنا.
ناوبراو وتی: لە دەسکەوتەکانی خوێنی پاکی ئەم شەهیدانە، ڕێگرییە لە شەڕی ناوخۆی لوبنان، بە بەرەکەتی خوێنی ئەو شەهیدانەش لەو شەڕە ڕێگریمان کرد و دەسکەوتی خوێنی ئەوانیش ڕێگری لە هەژمونی تەواوی ئەمریکایە لە سەر لوبنان.
نەسروڵڵا بە ئاماژە بە نمایشە سەربازییە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: لە سەردەمی بەهاری عەرەبی، ئیسرائیل بەردەوام باسی پەراوێزێکی ئەمنی بۆ خۆی دەکرد بەڵام ئێستا بە نمایشە سەربازییەکانی لە هێز و کاریگەریی خۆڕاگری تێدەگات، ئەو ڕژێمە بە تایبەت نیگەرانە لە هێزی مووشەکیی خۆڕاگری.
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە هەوڵ دەدات تەمەنی خۆی درێژتر بکاتەوە بەڵام ئەو وڵاتانەش ناتوانن ئاسایشی زایۆنیستەکان دابین بکەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە پیلانی نوێی سعوودیە بە بیانووی لێدوانێکی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنانەوە، وتی: ئێمە گرنگی بە ئاڵۆزی نادەین، سعوودیە بەرپرسی ئەم قەیرانەی ئێستایە، تەنانەت لە ئەمریکا و ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام باسی ئەوەیان کردووە کە شەڕی یەمەن، شەڕێکی بێهۆیە بەڵام سعوودییەکان لە بەرامبەر ئەواندا کاردانەوەیان نەبووە و تەنیا بیانوو بە لوبنانەوە دەگرن.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: سعوودیە خۆی بە دۆستی لوبنان دەزانێت بەڵام لە گەڵ حیزبوڵڵا دوژمنە و ئەمەش گرنگ نییە، سوریا و ئێران بە دۆستی ڕاستەقینەی لوبنان دەزانین نە سعوودیە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە./.