بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مووچەی مانگی ڕابردووی 25 هەزار و 500 فەرمانبەری کەرتی تەندرووستی ئەفغانستانی دابەش کردووە کە 8 ملیۆن دۆلار بووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان تووشی کێشەی گواستنەوەی پارەی کاش بۆ ئەم وڵاتە بووە.
کانی ڤیگناراجا بەڕێوەبەری بەشی ئاسیا لە بەرنامەی گەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەلان وتی: لە ئەفغانستان نەک تەنیا کێشەی هەڵوەشانەوەی کەرتی تەندرووستیمان هەیە بەڵکوو کۆی گشتی سیستەمی دارایی ئەم وڵاتەش بەرەو هەڵوەشانەوەی تەواو دەڕوات.
ناوبراو وتی: دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستی بە بودجەی دامەزراوەی Global Fund و لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە جێبەجێ کراوە.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاند کە لە مانگەکانی داهاتوو مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگای سیستەمە فەرمییەکانی بانکیی ئەفغانستانەوە دابەش دەکرێت./.