بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی کە سەردانی نیودهلی کردووە، لە میانەی وتارێکی لە سێهەم کۆنفرانسی وتووێژی ناوچەیی کە لە درێژەی دوو کۆنفرانسی پێشووی تاران و بە بەشداری ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بەڕێوە دەچێت، وتی: 20 ساڵ بەر لە ئێستا ئەمریکا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان و قاعیدە ئەفغانستانی داگیر کرد و وتی کە دەمەوێت ئەفغانستان بکەمە وڵاتێکی نموونە لە ناوچەکە بەڵام دۆخی ئەم وڵاتە زیاتر لە ڕابردوو بەرەو خەراپی رۆیشت و کێشە و قەیرانەکانی زیاتر بوون.
ناوبراو وتی: بە هۆی ئەمریکاوە لە ئەفغانستان تیرۆریزم زیاتر بوو، هەژاری و برسێتی زیاتر کرا، مادە هۆشبەرەکان و کۆچکردنی خەڵکی ئەفغانستان پەرەی سەند، ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵکی ئەفغانستان بە بیانووی جۆربەجۆر کوژران و تەنانەت خەڵک لە زەماوەندەکانیش دەکەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا.
شەمخانی وتی: پرۆژەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە تەواوی شکستی هێنا و تەنانەت لە سەرەتاییترین بەشیش واتە پێکهێنانی سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان ئەو شکستە بینرا و جیهان ئەوەی بینی کە ئەو سوپایەی ئەمریکا بانگەشەی پڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنانی دەکرد چۆن لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کەوت و لە ئاکامی ئەمەش ئەمریکا بە شکست و سەرشۆڕییەوە لە ئەفغانستان پاشەکشەی کرد.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی: ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئاشتی بابەتێکی خوازراو و داواکراوی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەفغانستانە بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا تەنانەت بۆ ئاشتی ئەفغانستانیش هیچ پرۆژە و پلانێکی نەبوو و لەمەشدا هەڵسووکەوتی تەنیا فریودانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی ئەفغانستان بوو.
عەلی شەمخانی وتی: لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان و پێکهاتەکانی ئەفغانستان بەرەو ئاشتییەک بڕوات کە لە بەرژەوەندی برایان و خوشکانی ئەفغان و هەروەها وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بێت و ئەوەش دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوامە لە ئەفغانستان کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەموومان دابین دەکات و پێمان وایە کە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەبێت لەم بوارەدا هاوکاری خەڵکی ئەفغانستان بکات./.