بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و کەنەدا، کۆمیتەی چوارەمی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی سێ شەممە 9 ی تشرینی دووەم، 6 بڕیاری لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی پەسەند کرد.
بڕیارەکانیش پەیوەندییان بە پێشێلکردنی بەردەوامی مافی فەڵەستینییەکان و بەکارهێنانی زۆر لە دژی ئەوان بە تایبەت لە کەرتی غەززە هەیە کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل، هەروەها پلانی درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە تایبەت لە قودسی ڕۆژهەڵات و جۆلانی داگیرکراو ئیدانە کرا.
لەو بڕیارانەدا هەروەها گەمارۆی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی غەززە، درووستکردنی شارۆچکە لە ناوچە داگیرکراوەکان، بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی خەڵکی فەڵەستین، ڕووخاندنی ماڵی ئەوان و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ئەوان ئیدانە کراوە و جەختیش لە سەر مافی گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆ شوێن و ناوچەی خۆیان کراوەتەوە.
لە بڕیارەکانی تایبەت بە جۆلانی داگیرکراویش، داوا لە ڕژێمی زایۆنیستی کراوە بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا جێبەجێ بکات و کۆتایی بەم داگیرکارییە بێنێت.
هەروەها جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت مافی هاووڵاتیبوون بە دانیشتووانی جۆلانی داگیرکراو ببەخشێت.
لە بڕیارێکی دیکەدا بە ئاماژە بە دۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی و ئابوریی ئاوارەکانی فەڵەستین، داوا لە سەرجەم وڵاتان، دەزگاکانی هاوکاری و فریاگوزاری کراوە کە لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی فەڵەستین، یارمەتیدەری ئاژانسی هاوکاری و کاری نەتەوە تەکگرتووەکان ناسراو بە ئانڕوا بن.
بەمەش دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژێکی دژواریان تێپەڕ کرد و وڵاتانی جیهان یەک پەیامیان بۆ ئیدانەکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل گەیاند و هەروەها پاڵپشتی ئێرانیشیان کرد تا ببێتە ئەندام لە کۆمیتەی زانستیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان./.