بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی المعلومە لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی ” ئایا واشنتن ماڵەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووەتە ئامانج؟ ” ڕایگەیاندووە: هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی لە نێو کۆمەڵە پرسیار و بابەتێکی گوماناویدا سەبارەت بە سیستەمی بەرگری سیرام و ئەوەی کە بۆ کاری بەو درۆنە هێرشبەرەکانەوە نەبووە، ماوەتەوە.
هەندێک لە شارەزایانی کاروباری عێراق لەو بڕوایەدان کە هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بۆ بەلاڕێدابردنی تاوانی هێرشی سەر خۆپێشاندەران و ناڕەزایانی بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بووە.
سالم عەبادی ئەندامی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی هەوڵێک بۆ لەبیرکردنی تاوانی هێرشی سەر خۆپێشاندەران بووە و ڕوبەڕوبونەوەی ئەوانەیە کە لە بەرامبەر دەستکاریکردنی دەنگەکان و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
عادل مانع ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش وتی: دوور نییە کە ئەمریکا لە پشتەوەی هێرشەکە بێت تا لایەنە عێراقییەکانی پێ تۆمەتبار بکات.
ناوبراو وتی: ئەم هەوڵەش بۆ بەلاڕێدابردنی تاوانی کوشتنی خۆپێشاندەرانی عێراقییە. ئەمریکا هەوڵی تۆمەتبارکردنی لایەنە عێراقییەکان بە بێ هیچ بەڵگەیەک دەدات. هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی پلانی خۆی یان یەکێک لە ئەفسەرەکانی بووە.
مانع وتی: بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز، وەک ڕزگارکردنی کازمی بوو و ئەمریکا و میدیای وڵاتانی عەرەبی لە پێناو ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق هەنگاو دەنێن.
ناوبراو وتی: لێکۆڵینەوەکان هیچ کات ئەو لایەنەی کازمیی کردووەتە ئامانج، ڕوون ناکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە بەشێکە لە شانۆگەریی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی عێراق.
عەبدولهادی موحان ئەندامی پێشووی پەرلەمانیش وتی: ڕەنگە ئەمریکا لە پشتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران بێت.
ناوبراو وتی: ئەمریکا دەیەوێت بۆ پاڵپشتیکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت.
عەبدولهادی سەعداوی لە ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە کە گومانێکی زۆر لە سەر کارنەکردنی سیستەمی بەرگری ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەیە، ئەوەی کە چۆن لەو کاتەدا سیستەمەکە لە کار کەوتووە.
ناوبراو وتی: ئەم کارەش پلانێکی نێوان ئەمریکا و کازمی بووە، کازمی بۆ گەیشتنەوە بە کورسییەکەی لە حکومەتی نوێی عێراق هەوڵی پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەدات.
سەعداوی وتی: دەبێت ڕای گشتی عێراق لە ڕاستییەکان ئاگادار بکرێتەوە کە کازمی لە ڕێگای ئەم هێرشەوە دەیەوێت خۆی وەک کەسێکی زوڵملێکراو بناسێنێت./.