بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” The Four Walls لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” Roger Waters موزیکزانی بەناوبانگی جیهان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیار بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی هەرمانی “پینک فلۆید” Pink Floyd، بەرهەمی وڵاتی بەریتانیا لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” Tokyo لە ژاپۆن چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن بینەران، ڕەخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی بێوێنەی لێکرا و “فاتیح ئاڵ” Fatih Al و “ئۆنۆر بۆڵدۆ” Onur Buldu ئەکتەرە کوردەکانی ئەم فیلمە و هەروەها “ئەمیر ئاقایی” ئەکتەری ئێرانی و “باریش ییلدیز” Bariş Yildiz ئەکتەری تورک، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویی ئەم ڕووداوە سینەماییە گرینگەیان بەدەستهێنا.
سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” بە سەرۆکایەتی “هیرۆیاسۆ ئاندۆ” لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سینەمای ژاپۆن، بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی “ئیزابێل هۆپێر” ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی و بە نمایشی زیاتر لە 100 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی 30 ئۆکتۆبەر تا 8ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری تۆکیۆ لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەچوو.
مەنسوور جیهانی