بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕۆژی سێ شەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە.
لەو سەردانەدا کە بە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی پاش 2011 بۆ سوریا دادەنرێت، خەلیفە شاهین وەزیری ڕاوێژکاری حکومەتی ئیمارات بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە و عەلی محەممەد حەماد شامسی سەرۆکی فەرمانگەی فیدراڵ بۆ کاروباری ناسنانە، نشینگە، گومرک و دەروازە سنورییەکان لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بوون.
وەزیری دەرەوەی ئیمارات و سەرۆک کۆماری سوریا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و زیاترکردنی هاوکارییەکانیان لەو بوارانەی کە گرنگی زیاتری هەیە، تاوتوێ کرد.
بەشار ئەسەد جەختی لە سەر پەیوەندی نێوان سوریا و ئیمارات کردەوە و وتی کە ئیمارات بەردەوام لە گەڵ خەڵکی سوریا بووە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیمارات جەختی لە سەر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ سوریا کردەوە و وتی کە قەیرانی سوریا کاریگەریی لە سەر وڵاتانی عەرەبی داناوە.
عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نهیان دڵنیاییدا کە سوریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد و تێکۆشانی گەلەکەی دەتوانێت بە سەر کێشەکانی سەردەمی شەڕدا زاڵ ببێت./.