بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی المیادین لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند کە حسام زەکی جێگری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی داوای دەست لە کار کێشانەوەی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتەی کردووە وەک یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕیاز و بەیروت.
ڕۆژی دووشەممە شاندێک لە کۆمکاری عەرەبییەوە لە سەر کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و لوبنان گەیشتە بەیروت و داوای ئەوەیکردووە کە جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە سعوودیە پەیامێکی بە دەسەڵاتدارانی لوبنان گەیاندووە کە ئەگەر قەرداحی دەست لە کار نەکێشێتەوە، بەشێک لە لوبنانییەکانی دانیشتووی سعوودیە دەردەکات.
حسام زەکی ڕۆژی دووشەممە بە یاوەری شاندێک گەیشتە بەیروت و لە گەڵ میشل عون سەرۆک کۆمار و نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆبووە./.