بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی cbs نیوز بە ئاماژە بە مردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەمریکا لە ویلایەتی جۆرجیا ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا زیاتر لە 500 ئەفسەری پۆلیسی ئەم وڵاتە بوونەتە قوربانی و سەرەڕای ئەمەش هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەران و فەرمانبەرانی پۆلیس خۆیان لە بەکارهێنانی ڤاکسێنی دژ بە کۆرۆنا بە دوور دەگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە یاسای ئەمریکا لە سەرجەم ویلایەتەکان خەڵک ناچار بە کوتانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.
کەناڵەکە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ڕیزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتە، زیاترە لە ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی کە لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا دەبنە قوربانی.
هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە داوە کە تەنیا لە مانگی تشرینی ئەمساڵ 21 ئەفسەری پۆلیسی ئەمریکا بە هۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.
چاک وکسلر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پۆلیس لە بەر گەنجی و ڕەوشی جەستەیی، بڕوایان بە بەکارهێنانی ڤاکسێن نییە./.