بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد دەستماڵچیان لە وتووێژێکدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی عێراق وتی: من پێشتر باسی ئەوەم کردووە کە پاش ئەوەی کە شەڕی بەوەکالەت شکستی هێنا، عێراق و لوبنان کەوتنە بەر شەپۆلی ئاڵۆزی و ناسەقامگرییەکان، ئەمەش پیلانێکە و ئامانجەکەی ئەوەیە کە وڵاتانی دراوسێی فەڵەستینی داگیرکراو لە ئاشتی و سەقامگیریدا نەبن.
ناوبراو وتی کە ئەو پیلانە بۆ لوبنان داڕێژراوە و بە جێبەجێکردنی دەبینین کە زنجیرە پیلانگێڕییەکان لەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێن، نوێترینی پیلانەکانیش بیانوویەک بوو کە سعوودیە لە سەر لێدوانێکی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان سەرجەم پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەم وڵاتە پچڕاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی نەجیب میقاتی ماوەیەکی کەمە دەستی بەکارەکانی کردووە و پێویستی بە پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە.
دەستماڵچیان دۆخی عێراقی بۆ پیلانگێڕەکان هاوشێوەی لوبنان ناو برد و وتی: لەو کاتەوە کە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان دەستی لە کار کێشایەوە، عێراق تا ئێستا حکومەتێکی وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی خەڵک و بەهێزی نەبووە، هەر بۆیە بە پێی ئەم پیلانەش، عێراق دەبێت ناسەقامگیر بێت، ئێستاش ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بووەتە باشترین بیانوو بۆ ئەو وڵاتانە.
ئەم دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی وتی: ئەو هێرشە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندیک لایەن بیانەوێت لەم دۆخە ئاڵۆزە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵک وەربگرن، واتە ئەو گرووپانەی کە دژی زۆرینەن لەم هێرشە کەڵک وەردەگرن، وەک چۆن کە هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە دەیان کەسیان کوشت و بریندار کرد. دەستێکی تێکدەری دەرەکی بە ڕوونی لە خۆپێشاندانەکاندا دەبینرا.
ناوبراو وتی: هەندێک لایەنی عێراقی دژی حەشدی شەعبین، لە کاتێکدا کە ئەم هێزانە پارێزەری عێراقن، بە بۆچوونی من کۆتایی هێنان بە حەشدی شەعبی خواستی ئەمریکییەکانە، لە بەر ئەوەی کە حەشد وەک چقڵی چاوی هێزەکانی ئەمریکایە، حەشدی شەعبی بوو کە گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکانی سەرکوت کرد، ئەم هێزانە بوونەتە ئەستوونێکی بەهێزی ئاسایش و سەقامگیری عێراق. لە چوارچێوەی ئەو پیلانەی کە پێشتر ئاماژەم دا عێراق دەبێت ناسەقامگیر بێت، دەیانەوێت کاریگەری لە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی دابنێن و هەوڵی داماڵینی چەکی ئەم هێزانەش بدەن. ئێستا تۆمەتبارکردنی گرووپەکانی خۆڕاگری بە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو پیلانە ئاسانتر سەر بگرێت.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئەردەن لە وەڵامی پرسیارێک کە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی عێراق لە ڕۆژانی داهاتوو بەرەو کوێ دەگات؟ وتی: بە پێی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوو کەلێن و ناکۆکییەکان زیاتر بێت بەڵام لە ئاکامدا هەوڵ دەدرێت ئاڵۆزییەکان بەرەو چارەسەرکردنی پرسە سیاسییەکانی عێراق ببرێت.
ئەحمەد دەستماڵچیان سەبارەت بە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ڕێگری لە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتەش وتی: ئەمە بەندە بە هەڵوێستی موقتەدا سەدرەوە کە ئایا بە یەکڕیزی نێوماڵی شێعە دەگات و لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بێت و شێعەکان بەهێزەوە دەردەکەون؟ لە ئەگەری ئەمەش دەتوانن حکومەتێکی بەهێزی هاوپەیمانی پێک بێنن. عێراقێکی بەهێز دەتوانێت بەستێنی ئاڵۆزییەکان لە ناو ببات.
ناوبراو ووشیاری لایەنە عێراقییەکانی لەم قۆناغە هەستیارەدا بە پێویست زانی و وتی: هێزە وەفادارەکان بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەبێت زیاتر لە ڕابردوو ووشیاری خۆیان بپارێزن، تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانن پیلانی ناحەزان و دوژمنان پووچەڵ بکەنەوە و پارێزەری یەکڕیزی و یەکپارچەیی عێراق بن./.