بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی هەینی شاری بەغدا کە دەیان بریندار و چەندین کوژراوی لێکەوتەوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
حەشدی شەعبی لەو بەیاننامەیەدا بە نیگەرانییەوە باسی ڕووداوەکانی بەغدای کردووە و هێرشی سەر خۆپێشاندەران و ناڕەزایان بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە بێ پاساو ناو بردووە.
لەو بەیاننامەیەدا داوا کراوە کە لە ڕووی یاساییەوە بەدواداچوونی پێویست بۆ ڕووداوەکان بە تایبەت تەقەکەرانی سەر خەڵک و خۆپێشاندەران بکرێت.
حەشدی شەعبی جارێکی دیکە پاڵپشتیی بۆ مافەکانی خەڵک لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە ڕاگەیاندووە و جەختیکردووەتەوە کە ئەم ڕێکخراوە و هێزەکانی ناچنە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە و دژی ئەوەشن کە هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت ناوی حەشد بهێننە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە.
لەو بەیاننامەیدا هاتووە کە وەک عێراقییەکان لەبیریان ماوە، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنییە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەروەری وڵات و گەلی عێراق و سیستەمە دیمۆکراسییەکەی لە بەرامبەر سەرجەم هەڕەشە و مەترسییەکان./.