بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەهرۆ حەمەعەزیز ساڵح لەساڵی (١٩٩٩) بۆ یەکەم جار بەشداری خول و پاڵەوانێتیەکانی سلیمانی و کوردوستانی کردوە.
ئەم داوەرەی بواری یاری تۆپی سەرمێز (تێنس) لە ساڵی (٢٠١٠) دوای تاقیکردنەوەی داوەری بووەتە داوەری نێودەوڵەتی یاری تۆپی سەرمێز.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی رابردوودا مامۆستا نەھرۆ وەک داوەری نێودەوڵەتی، بەشداری چەندین پاڵەوانێتی دەرەوەی عێراق و ئوردن و میسرو پاڵەوانێتی یانەکانی عەربی کردووە.
خۆشبەختانە لەساڵی(٢٠١٩) لەپاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا شەرەفی بەڕێوبردنی یاری کۆتایی وەرگرتووە لەگەڵ داوەریکی کوردی تردا.
ئەمە جگە ھەموو ئەو پاڵەوانێتیانەی لەسەرئاستی عێراق وکوردستان و سلیمانی بەڕێوە دەبرێت وەک داوەری گشتی یاریەکان رۆڵی ھەیە .
لە گفتوگۆیەکی جام کوردیدا نەھرۆ حەمە ساڵح لە بارەی یاری تۆپی سەرمێزو یاریزانەکانی لە سەر ئاستی سلێمانی وتی: ھەندێک لە یانەکانی شاری سلێمانی بەشی (تۆپی سەرمێز) یان نیەو گرنگی پێ نادەن، بەڵام ھەندێکی تریان وەک و یانەی ئاشتی ھەر (٥) قۆناغەکەی یاری تۆپی سەرمێزیان ھەیەو بەشداری ھەموو پاڵەوانێتیەکان ئەکەن.
ئەگەر چی پاڵەوانێتیەکانی تۆپی سەرمێز لە (٢٠١٩) وە نەکراوەتەوە، ئەوەش بەشێکی پەیوەندی بە بڵاوبونەوەی نەخۆشی کرۆناوە ھەیەو بەشێکی تری پەیوەندی بە نا پێویست بوونی یاری تۆپی سەرمێزەوە ھەیە لەلایەن یانەکانی کوردستانەوە، ئەمە لەکاتێکدا کەمترین کولفەو تێچووی پێویستە .
داوەرەکە وتیشی: ئەوەندەی لە ھەرێمی کوردستان گرنگی بە یاری تۆپی پێ ئەدرێت ئەوەندە گرنگی بە یاری (تۆپی سەرمێز) نادرێت، لە بەر ئەوەی گرێبەستی یاری تۆپی پێ لە نێوان (٨٠ و ١٠٠) ملیۆندایە بەڵام یاری تێنس ئەو دەرفەتەی نیەو کەمترین گەندەڵی ھەیە .
لە بارەی پاڵەوانێتیەکانی پلە یەکی تۆپی سەرمێزی عێراقیش وتی: ساڵانە لە سەر ئاستی عێراق ئەکرێتەوەو براوەی (١ و ٢) و ھەندێکجار (٣)یەمیش ئەچێ بۆ یانە پاڵەوانێتیەکانی عەرەبی، براوەی (٤ و ٥) و ھەندێکجار شەشەمیش ئەچێ بۆ یانە پاڵەوانێتیەکانی رۆژھەڵاتی ئاسیا بە کچان و کوڕانەوە.
لە بارەی بردنەوەی خەڵاتیش لەلایەن یاریزانەکانی شاری سلێمانی لە پاڵەوانێتیەکانی تۆپی سەرمێزدا ئەو داوەرەی یاری تێنس وتی: تا ساڵی (٢٠١٦) یاریزانی کوردی باشمان ھەبوو، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە لە بەر ئەوەی گرنگی بەو یارییە نادرێت یاریزانی عەرەب دەرکەوتوون لە یانەکانی سلێمانی، ساڵی ٢٠١٩ لە ئەردەن خۆم لەوێ بووم یانەی پێشمەرگە مەدالیای برۆنزیان بەدەست ھێناو (٣)یەمی رۆژئاوای ئاسیا بوون،
لە یاڵەوانێتی عەرەبیش کە ھەندێک یاریزانی عەرەب بەشدار بوون مەدالیای زێڕیان بەدەست ھێنا.
سەبارەت بە بەھرەمەند بوونی یانە وەرزشیەکانی سلێمانی و یاریزانەکانی بواری تۆپی سەرمێز لە راھێنەرو داوەرە ئێرانیەکان لە ساڵانی رابردوو، داوەرە نێودەوڵەتیەکەی یاری تێنس وتی: بەڵێ یانەو یاریزانەکانمان لە بواری تۆپی سەرمێز سودەمەند بوون، ھەم لە راھێنەرەکانی وەرزشی تێنس، ھەم لە یاریزانەکانی تۆپی سەرمێزی ئێرانی، وە ژمارەیەک یاریزانی تۆپی سەرمێزی سلێمانی چونەتە سنەو مەھابادو تاران و سودیان بینیوە، بەڵام وەک داوەر نەمانتوانیوە بەشداربین لەبەر ئەوەی چونە دەرەوەی داوەرەکانی سلێمانی لە سەر ئەرکی خۆمانەو ئەوەش بارگرانیەکە بۆ نمونە، من دوو جار چوومەتە دەرەوەی عێراق ھەردوو جارەکە لە سەر ئەرکی خۆم چووم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێران رۆڵێکی باشی ھەبووە لە جوڵەی وەرزشی لە سلێمانی .
ئەو داوەرە نێودەوڵەتیەی شاری سلێمانی لە درێژەی گفتوگۆکەدا رەخنەی لە لیژنەی ئەۆڵۆمپی گرت و وتی: ئێمە وەک داوەری تۆپی سەرمێز مەغدورترین چینی بواری وەرزشین، چونکە یاریزانەکان لەلایەن یانەکانەوە گرێبەستی مانگانەیان بۆ ئەکرێت بەڵام ئیمە ھیچ جۆرە گرێبەستێکمان نیە، تەنانەت زۆر جار ئەوەی سەرفی ئەکەین دوای (٣) مانگ دوای ساڵێک بۆمان ئەگێڕنەوە، تەنانەت راھێنەرەکانیش گرێبەستیان ھەیە بەڵام ئێمە بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە ئەبێ تەکلیف لە بەرپرسان بکەین پارەی چون و گەڕانەوەمان بۆ دابین بکەن، ساڵێکیان بەشداری پاڵەوانێتیەکم کرد لە شاری دھۆک (٢٠) ھەزار دیناریان بۆ سەرف کردم، لەکاتێکدا تەنھا رۆشتنی سەرێک بە سەیارە بۆ دھۆک (٤٠) ھەزار دینارە.
ھەروەھا ئاماژەی بە جۆرێک لەگەندەڵی کرد لەلایەن لیژنەی ئۆلۆَمپی و یانەکانەوەو وتی: جاری وا ھەبووە پاڵەوانێتی ئەنجامدراوە لە دەرەوە (٥) یاریزانی تۆپی سەرمێز بەشداری کردووە لە بەرامبەردا (١٠) کەسی ئیداری پارەی بۆ دابین کراوە لە فرۆکەخانە ئیدارییەکان رۆشتون بۆ گەشت و گەڕان تا تەواو بوونی پاڵەوانێتیەکە دوبارە لە مە فرۆکە خانە بینراونەتەوە.
سەبارەت بەوەی کێ بەرپرسە لە داوەرەکانی تۆپی سەرمێزی سلێمانی مامۆستا نەھرۆ وتی: ئێمە سەر بە یەکێتی داوەرانی ناوەندی عێراقین لقی سلێمانی، ھەر یەک لەم یەکێتیانە پاڵەوانێتی بکاتەوە ئێمە داوەریەکەیان بۆ ئەکەین لە یەکەم رۆژەوە تا کۆتایی یارییەکە، تەنانەت یاریزانەکان دێن یارییەکەی خۆیان ئەکەن و ئەڕۆن بەڵام ئێمە ئەبێ لە تەواوی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا ئامادەییمان ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ موچەیەکمان نیە، ئەمە لەکاتێکدایە ھەموو عێراق (٤٥) داوەری یاری تۆپی سەرمێزی ھەیەو لە سلێمانیش (٧) داوەرمان ھەیە، ئومێد ئەکەم لە ئێستا بەدواوە داوەرەکان ئاوڕیان لێ بدرێتەوە بە تایبەتی ئێستا سەرۆکی (ئیتیحادی عێراق) کوردە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ھیوای خواست داوەران کە بڕ بڕە پشتی یاری تۆپی سەرمێزن ئاوڕیان لێ بدرێتەوەو یانەکان پلانی ناردنی داوەرەکانی تۆپی سەرمێز بخەنە بەرنامەی یانەکانیانەوە بۆ ئەوەی ئەو بار قورسیەمان لە سەر لاچێت و ساڵانە بتوانین بەشداری پاڵەوانێتیەکانی دەرەوەی عێراق بکەین لە بواری تۆپی سەرمێز.
ئامادەکردنی/ ئارینا ھەڵەبجەیی