بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەختی سولێمان گەورەترین ناوەندی فێرکاری، مەزهەبی و پەرستگەی پێش ئیسلام بووە و وەک گەورەترین پێگەی ئائینی زەردەشت ناوی هاتووە. ئەم میراتە جیهانییە چەندین بەشی جیاجیا لە خۆ دەگرێت.
تەختی سولێمان لە نووسراوەکانی پاڵەویدا بە ناوی ” شاری گەنجەک ” هاتووە، لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاری تیکابدایە و هەندێک دەقی مێژوویی پیشان دەدات کە شوێنی لەدایکبوونی زەردەشتە.
شاری مێژوویی تەختی سولێمان، شوێنی نیشتەجێبوونی نەتەوەکانی ماد، هەخامەنشی، ئەشکانی، ساسانی و مەغولەکان بووە کە لە سەرجەم ئەو سەردەمانەدا لە لوتکەی شکۆ و دەسەڵاتدا بووە. مێژووی تەختی سولێمان بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و ئاگرە بەردەوامەکەی بۆ حەوت سەدە پیشاندەری شکۆ و بەهێزبوونی حکومەتی ساسانی و ئائینی زەردەشت بووە. لە ڕاستیدا ئەم ناوچەیە گەورەترین شوێنی فێڕکاری ئائینی و پەروەردەکردنی پیاوانی زەردەشت لە سەردەمی ساسانییەکان بووە. ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1316 ی کۆچی هەتاوی (1937) لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کرا و لە ساڵی 1382 ی کۆچی هەتاوی (2003) تۆماری جیهانی کراوە تا لە پاش تەختی جەمشید، چوغازەنبیل و گۆڕەپانی نەقشی جیهانی ئەسفەهان وەک چوارەمین ئاسەواری ئێران لای ڕێکخراوی یۆنسکۆ ناوی هەبێت.
تەختی سولێمان لە کوێیە؟
تەختی سولێمان لە 45 کیلۆمەتری باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری تیکاب لە باشوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێرانە.
مێژووی تەختی سولێمان:
کۆمەڵە بینایەک کە لە تەختی سولێماندا دەبینرێت، لە سەردەمە جیاجیا مێژووییەکان وەک ئەشکانی، ساسانی و ئیلخانی درووست کراون کە لە گرنگترینی ئەوانەش دەتوانین ئاماژە بە ئاگرکەدە و تەلارەکانی سەردەمی ساسانی بدەین، هەرچەندە کە لە گەڕانی شارەزایانی مێژووییدا چەندین ئاسەواری سەردەمی هەخامەنشی و مادەکانیش لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە.
ئەو ئاسەوارانەی تەختی سولێمان گوزارشت لە ژیانی سێ هەزار ساڵەی مرۆڤەکان لەم شوێنەدا دەکەن. ئەو ئاسەوارانە بەدەر لەوەی کە پەیوەندییان بە سەردەمی پارینە سەنگی، ئاسنی یەک، دوو و سێ هەیە، چەندین نیشانەی نیشتەجێبوونی خەڵکیان لە سەردەمەکانی وەک سوکانەکان، ماناکان، مادەکان، هەخامەنشەکان و ئەشکانییەکان تێدا هەیە. پاشماوەی گوندێکی بچووک لە باکوری ڕۆژئاوای دەریاچەکەی یەکێک لەو نموونانەیە کە بە پێی توێژینەوەکان پەیوەندیی بە سەردەمی هەخامەنشییەکانەوە هەیە.
دەوترێت کە فەرمانی بونیادنانی تەختی سولێمان و ئاگرکەدەکەی لە لایەن بەهرام گوڕ لە پاشاکانی ساسانییەوە دەرکراوە، ئەگەرچی کە پاشاکانی دیکەی ساسانی لە گەشەپێدانی ئەم کۆمەڵەیەدا دەستیان هەبووە، تا ئەوەی کە ئەم شوێنە لە ساڵی 624 ی زائینی بە هۆی هێرشی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما وێران کرا، پاش لەناوچوونی حکومەتی ساسانی و قبووڵکردنی ئائینی ئیسلام لە ئێران، کۆمەڵەی تەختی سولێمان جارێکی دیکە زیندوو کرایەوە.
پاش ئیسلام، پیاوە ئائینییەکانی ئەم کۆمەڵە مێژووییە لە گەڵ سەردار فاتیحی ئازەربایجان گەیشتنە ئەو ڕێکەوتنەی کە لە بەرامبەر پێدانی باج، ئاگرکەدەکە نەڕووخێت و بەم هۆیەوە ئەو ئاگرکەدەیە تا 400 ساڵی دواتر درێژەی بە چالاکییەکانی دا. لە سەردەمی سەلجوقییەکان، زوەردەشتەکان بە زۆرینە ناچار بە کۆچکردن کران و ڕوویان لە هیندستان کرد. لە ئاکامی ئەمەش خەڵکی ئاسایی بۆ یەکەم جار ڕوویان لەم ناوچەیە کرد و ژیانی شارنشینی خۆیان دەستپێکرد.
بە هاتنەسەرکاری ئیلخانەکانی مەغول، لەم ناوچەیە بۆ شوێنی حەوانەوەی هاوینەی پاشاکان کەڵک وەردەگیرا کە بوونی کۆمەڵە بینایەک بە مێژووی 700 ساڵە گوزارشت لەمە دەکات. لە سەردەمی حکومڕانی مەغول بە ناوی ئاقاخان لە سەدەی 7 ی کۆچی، چەندین بینای وەک هەیوانی ڕۆژهەڵات، هۆڵی شورا و …. لە کۆمەڵەی تەختی سولێمان زیاد کران.
کۆمەڵەی مێژوویی تەختی سولێمان لە ساڵی 1819 لە لایەن کەسێک بە ناوی سرروبرت کرپورتر دۆزرایەوە و سێر هێنری ڕاوڵینسۆن لە بەسەرکردنەوەیەکی ساڵی 1838 ناساندنێکی گشتیی بۆ کردووە.
وێنەگرێکی ئەمریکی بە ناوی ئشمیت لە ساڵی 1937 چەندین وێنەی لەم کۆمەڵەیە گرتووە و بە بۆچوونی ئەو بنکەیەکی سەربازی بووە، بەڵام دواتر لە پێگەی مێژووییەکەی تێدەگات، لە ئاکامدا شوێنەوارناسانی بەناوبانگی وەک فۆن دراوستۆن، کڵایس و …. لە نێوان ساڵانی 1337 تا 1357 ی کۆچی هەتاوی لە تەختی سولێمان گرنگی و نهێنییەکانی ئەم میراتە جیهانییەکان بۆ ڕوون کرایەوە.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تا ساڵی 1372 ی کۆچی هەتاوی هیچ گەڕانێک بەم شوێنەوارەدا نەکرا و لە ئاکامدا لە ساڵی 1382 لە ڕیزی میراتی جیهانیی یۆنسکۆ تۆمار کرا و لە ساڵی 1395 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە گەڕانە بەم شوێنەوارەدا بۆ ماوەی 5 ساڵ دەستیپێکردەوە.
ناوە جیاجیاکانی تەختی سولێمان:
تەختی سولێمان یان گەنجەک بە درێژایی مێژوو ناوی زۆری هەبووە، ڕۆمییەکان بە گەنزە یان گەنزەک ناویان دەهێنا، ئەرمەنەکان وەک گەزن، کادزا یان گەنگ، لە زمانی یۆنانی بە ناوەکانی گەنزکا، گادزا و لە زمانی سریانی بە گەنزەک یان گەنژەک ناوی هاتووە و مەغولەکانیش بە ناوی ستۆریق ناویان هێناوە. لە شانامەش بە ناوی چیچەست و لە ئەڤێستا بە چئی چەست هاتووە.
دەریاچەی تەختی سولێمان:
لە کۆمەڵەی تەختی سولێمان ڕوبەڕوی دیمەنێکی زۆر جوانی دەریاچەیەکی سرووشتی دەبنەوە کە ئاوەکەی لە کانیاوێک لە قووڵایی 120 مەتری زەوی دێتە دەرەوە و بە هۆی سوێرییەوە بۆ خواردن شیاو نییە. هەروەها ڕێنمایی تەواو دراوە کە گەشتیاران ناتوانن بە هۆی قووڵایی دەریاچەکەوە تێیدا مەلە بکەن. هەندێک دەڵێن بەسەرکردنەوەی ئەم دەریاچەیە لە ڕووی باشتربوونی دۆخی جەستەیی و دەروونییەوە یارمەتیدەر دەبێت.
گرتووخانەی تەختی سولێمان:
لە ناو خەڵکدا قسە و باسی زۆر لە سەر تەختی سولێمان بە درێژایی مێژوو دەستاودەست بووە کە یەکێک لەوان پەیوەندی بە شاخی گرتووخانەوە هەیە. شاخێک بە ناوی گرتووخانەی سولێمان لە نزیک تەختی سولێمان کە بە پێی هەندێک بۆچوون، شوێنێک بۆ زیندانیکردنی دێوەکانی سولێمانی نەبی بووە کە لە بیرێکی گەورەدا ڕادەگیران. خەڵکی خۆجێی لەو بڕوایەدان کە سولێمانی نەبی ئەو دێوانەی سەرپێچییان دەکرد لەو بیرەدا زیندانی دەکرد.
بەرزایی شاخەکە دەگاتە 97 تا 107 مەتر لە سەر ئاستی زەوییەکانی چواردەور و هەزاران ساڵ پێش ئێستا بە هۆی ئاوی ئەو دەریاچەوە پێکهاتووە و بیرێک بە قووڵایی 80 مەتر کەوتووەتە ناوەڕاستەکەی.
بەشە جیاجیاکانی تەختی سولێمان:
کۆمەڵە بینا مێژووییەکانی تەختی سولێمان بە چواردەوری دەریاچەیەک زۆر جوان درووست کراون. لە ناوەوەی ئەم حەوشەدا دوو چوارگۆشە دەبینرێت کە لە ناوەڕاستی چوارگۆشەی باکور ئاگرکەدە و لە ناوەڕاستی چوارگۆشەی باشور دەریاچەکە هەیە. بەدەر لەمەش، لە باکوری ڕۆژئاوای دەریاچە، هەیوانێکی بەرز بە ناوی هەیوانی خەسرەو دەبینرێت و لە بەشی باشوری ڕۆژئاوای دەرەوەی تەختی سولێمان، شتێک بە ناوی بەردی ئەژدیها هەیە کە نزیکەی 1.5 تا 2 مەتر بەرزە و 250 مەتریش درێژیی هەیە. لە درێژەدا ئاماژەیەک بە بەشە جیاجیاکانی تەختی سولێمان دەدرێت:
حەوشەی تەختی سولێمان:
حەوشەی تەختی سولێمان بە درێژایی 1120 مەتر، 38 تاوەری هەیە کە ڕۆڵی حەوشەیەکی بەرگریی بۆ ئەم کۆمەڵەیە هەبووە. ئەم حەوشەیە لە سەردەمە جیاجیا مێژووییەکاندا نۆژەن کراوەتەوە، هەرچەندە کە بە درێژایی مێژوو و بە هۆی زیانە مرۆڤییەکانەوە تەنیا دەروازەی باشوری ڕۆژهەڵاتی لێ بە جێ ماوە. حەوشەی تەختی سولێمان بەدەر لە دەروازەی باکور کە دەروازەی سەرەکی ئەم شارە بووە و دەروازەی باشوری ڕۆژهەڵات کە پارێزراوترین دەروازەی بەجێماوی تەختی سولێمانە، لە سەردەمی ئیلخانییەکانیش دەروازەیەکی لە بەشی باشوری خۆی هەبووە کە ئەمڕۆ بووەتە شوێنی گەیشتنی ئۆتۆمبێلەکان و شوێنی سەردانیکردنی ئەم کۆمەڵەیە.
ئاگرکەدەی ئازەرگشنەسب:
لوتکەی بەهێزبوونی تەختی سولێمان بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە و لەو کاتەشدا بووە کە یەکێک لە سێ ئاگرکەدە ناسراوەکانی ئەو سەردەمە بە ناوی ئاگرکەدەی ئازەرگشنەسب لەم شوێنەدا بونیاد نراوە. گرنگی ئەم ئاگرکەدەش لەوەدا بووە کە هەر پاشایەکی ساسانی لە کاتی بەدەسگرتنی تەختی پاشایەتی، بە پیادە سەردانیان دەکرد و بەشێک لەوەی کە لە شەڕەکاندا بە دەستیان دەهێنا پێشکەش بە ئاگرکەدەکە دەکرد.
گرنگی و ناوبانگی ئەم ئاگرکەدەیە لە سەردەمی خەسرەو نۆشیروان گەیشتە لوتکە. کاتێک کە سوریا و ئاسیای بچووکی کۆنتڕۆڵ کرد. خاچی ڕاستەقینەی مەسیحییەکانی لە ئۆرشەلیم هێنایە ئەم شوێنە. لە هێرشی سوپای ڕۆما لە ساڵی 624 ی زائینی کە سوپای خەسرەو پەروێز شکستی هێنا ئەو خاچە دیسانەوە گەڕایەوە ئۆرشەلیم و ئەم شارە بە فەرمانی هراکلیۆس وێران کرا و ئەم ئاگرکەدەش بە تەواوی ڕووخا. فیردەوسی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی لە شانامەکەیدا ئاماژەی بەم ئاگرکەدەیە داوە.
هەیوانی خەسرەو:
هەیوانی خەسرەو یان هەیوانی ڕۆژئاوا لە نزیک ئاگرکەدەکە و لە بەشی باشوری ڕۆژئاوای قەڵاکەدایە و ئەگەرێکی زۆرە کە لە سەردەمی خەسرەوی یەکەم ناسراو بە نەوشیروان درووست کرابێت، هەرچەندە کە بە هۆی بومەلەرزەیەکی 80 ساڵی ڕابردوو زیانێکی گەورە بەر ئەم بینا مێژووییەی سەردەمی ساسانییەکان کەوت.
ئامانج لە درووستکردنی هەیوانی خەسرەو ئەوە بووە کە پاشاکانی ساسانی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی زیارەتی ئاگرکەدەکە کەڵکیان لێ وەردەگرت.
پەرستگەی ئاناهیتا:
پەرستگەی ئاناهیتا پەیوەندی نزیکی لە گەڵ ئاگرکەدەی ئازەرگشنەسب و ئائینی زەردەشتەوە هەبووە.
بیناکانی سەردەمی ئیلخانی:
وەک چۆن کە ئاماژە درا، حەوت سەدە لە پاش ساسانییەکان، نەوەکانی چەنگیزخانی مەغول گەشە و ئاوەدانییان بۆ تەختی سولێمان گەڕاندەوە. ئەوان کە ڕوویان لە ئائینی ئیسلام کردبوو، لە گۆڕانکارییەکانی ئەم کۆمەڵەیەدا بۆچوونە ئائینییەکانی خۆیان لە بەرچاو گرت کە نموونەی ئەوەش لە نۆژەنکردنەوەی هەیوانی خەسرەو دەبینرێت. بینا درووستکراوەکانی سەردەمی ئیلخانییەکان بریتین لە: دەروازەی باشور، کۆشکی شکار، تەلاری شورا، مزگەوت، گەرماو و کارگەکانی پیشەسازی.
تەلاری شورا:
تەلاری شورا لە لایەن پاشاکانی ئیلخانییەوە بۆ بڕیاردان لە پرسە گرنگەکانی وڵات بەکار دەهات.
باشترین کاتی سەردانیکردنی تەختی سولێمان:
کۆمەڵەی مێژوویی تەختی سولێمان لە هەر وەرزێکی ساڵدا جوانی و تایبەتمەندی خۆیی هەیە. سەرەڕای ئەمەش باشترین کاتی بەسەرکردنەوەی دەتوانێت وەرزی بەهار و سەرەتاکانی وەرزی هاوین بێت کە کەش و هەوا و دیمەنی جوانی سرووشت، تام و چێژێکی دیکە بە سەردانەکەتان دەبەخشێت.