بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی تاوتوێ کرد.
ئەسەد پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و چینی بە گرنگ ناو برد و سوپاسی پاڵپشتییەکانی پەکینی کرد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها ناردنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی بۆ سوریا.
ناوبراو جەختیکردەوە کە دیمەشق لە بەرامبەر هێرشەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەدەن پاڵپشتی لە چین دەکات.
سەرۆک کۆماری چینیش بە ئاماژە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وتی کە سوریا لە ڕیزی یەکەم وڵاتانی عەرەبیدا بووە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە گەڵ چین دەستپێکردووە و چین بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا یارمەتیدەر دەبێت.
شی جین پینگ هەروەها جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەربەخۆیی و سەقامگیری و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات و دژی دەستێوەردانی دەرەکییە لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە و داوای کۆتایی هاتنی سەرجەم سزا و گەمارۆکانی سەر سوریا دەکات.
سەرۆک کۆماری چین هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕێک ڤاکسێنی کۆرۆنا ڕەوانەی سوریا دەکات./.