بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە چەند ڕێگایەک دەکرێت جەستە لەو ژەهرە پاک و خاوێن بکرێتەوە کە بریتین لە:
1 – میوە و سەوزە:
خواردنی میوە و سەوزە ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵی تێدایە و هۆکارە بۆ ئەوەی کە جەستە لە ژەهر خاوێن ببێتەوە.
2 – خواردنەوە:
هەموو کات هەوڵ بدە کە جەستەت بە شێداری بمێنێتەوە. ڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆ، لە گەڵ ئەوەشدا گرنگی بە شەربەتی پرتەقاڵ و میوە و سرووشتییەکان بدە.
3 – وەرزشکردن:
ئەنجامدانی وەرزش ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ لەناوبردنی ژەهری ناو جەستە. دەتوانیت بەیانیان یۆگا بکەیت یان ئێواران پیاسە بکەیت.
4 – خەوتن بە باشی:
پشوودان بە جەستە و مێشک ڕۆڵی کاریگەری لە نەمانی ژەهری ناو جەستەدا هەیە.
چەندین خواردنی کاریگەر بۆ لەناوبردنی ژەهری جەستە:
ئاو:
ئاو دەبێتە هۆی نەمانی زۆربەی ژەهرەکانی ناو جەستە. ئامۆژگاری پزیشکەکان ئەوەیە کە ڕۆژانە 8 پەرداخ ئاو بخورێتەوە.
چای سەوز:
چای سەوز بە هۆی ئەنتی ئۆکسیدانەوە یەکێک لە خواردنە سوودبەخشەکانە بۆ جەستە. ڕۆژانە خواردنی یەک پەرداخ لەم گیراوە دەتوانێت ژەهرەکانی ناو جەستە پاک بکاتەوە.
سیر و پیاز:
سیر و پیاز هەرچی توندتر و تیژتر بن، کاریگەرییان زیاترە. سیر و پیاز سەرجەم بەکتریا زیانبەخشەکان دەکوژن و ڤایرۆسەکان لە ناو دەبەن. کاریگەرییەکی دیکەی سیر و پیاز پاککردنەوەی ژەهرەکانی ناو جگەرە. ئەمڕۆ پزیشکان لە سیر و پیاز بۆ دابەزاندنی پەستان و هەروەها هاوسەنگکردنی شەکرەی خوێن کەڵک وەردەگرن. سیر دەرمانێکی دژە شێرپەنجەیە.
کەلەم:
کەلەم دەزگای هەرس پاک دەکاتەوە و ئەنزیمێکی هەیە کە بە شێوازی سرووشتی دەتوانێت هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە و ژەهرەکانی دیکە لە جەستە دەربێنێت و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە.
چۆنەر:
چۆنەر ڕیشەی گیایەکە کە مادە کانزاییەکانی بۆ پاککردنەوەی جگەر بە زۆری تێدا دەبینرێت.
زەنجەفیڵ:
بەهاراتێکی بەهێزە بۆ دەزگای هەرس، سوڕی خوێن زیاتر دەکات، دژە هەوکردنە و بۆ زامی گەدە باشترە، ئەنتی ئۆکسیدانی هەیە و باشترین گیانە کە دەزگای هەرس لە ژەهرەکان پاک و خاوێن دەکاتەوە.
پرتەقاڵ:
هەڵگری بڕێکی زۆر لە ڤیتامین C و باشترە کە بەیانیان بە گەدەی بەتاڵ بخورێت، هەورەها ڕێگری لە کۆکردنەوەی چەوری ژێر پێست دەکات.
لیمۆ:
لیمۆی ترش ڕێژەیەکی زۆر ئەنتی ئۆکسیدانی هەیە، ڤیتامین C ی تێدا هەیە و ئەنزیمێک بەرهەم دێنێت کە دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی ژەهرەکانی جەستە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە میوەیەکی کەم وێنەیە.
ئەڤەکادۆ:
مادەیەکی کەم وێنەیە کە یارمەتیدەری ئەوەیە جەستە گلۆتاتیۆن بەرهەم بێنێت و جگەری چەور پاک و خاوێن بکاتەوە.
دانەوێڵەکان:
کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنن و بۆ هاوسەنگکردنی ڕێژەی شەکری خوێن گرنگن.
نەعنا:
نەعنا بەدەر لەوەی کە تام و بۆنی دەم خۆش دەکات، دژە میکرۆبێکی بەهێزیشە.
زەردەچەوە:
بۆ جگەر زۆر باشە، سەرجەم ئەنزیمەکان بۆ پاککردنەوەی ژەهرەکانی جگەر دابین دەکات.
هەنار:
هەنار ڕێژەیەکی زۆر ئەنتی ئۆکسیدانی هەیە، ڕێژەی میزکردن زیاد دەکات و لەو ڕێگایەوە ژەهرەکان لە جەستە دەردەکات.
گوێز:
ئەسید ئەمینەی زۆری هەیە و بۆ پاککردنەوەی ژەهرەکانی جگەر زۆر باشە./.