بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین سەلام وەزیری دارایی لوبنان ڕایگەیاند کە لە سەدا 60 ی خەڵکی ئەم وڵاتە لە ئێستادا کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.
ناوبراو هۆشدارییدا کە بە بێ چاکسازییە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان، کەرتی ئابوری لوبنان زیاتر بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات.
وەزیری دارایی لوبنان لە کۆنفرانسێکی ئۆنلاین لە گەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکا بە ناونیشانی ئاسۆی بەردەم بوژانەوەی کەرتی ئابوری لوبنان جەختیکردەوە کە دوو ساڵی ڕابردوو خەراپترین ساڵانی کەرتی ئابوری ئەم وڵاتە بووە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت دۆخی ئابوریی بەرەو خەراپتربوون بردووە.
ئەمین سەلام وتی کە ڕێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لوبنان لە ساڵی 2018 نزیکەی 55 ملیار دۆلار بووە کە لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە 20 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
وتیشی کە هاوکات لە گەڵ ڕێژەی زۆر بەرزی هەڵئاوسان، بەهای دراوی نیشتمانی لوبنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە لوبنان بەرەو هەڵکشان دەڕوات و بە ڕێژەی لە سەدا 40 و 35 لە ناو گەنجاندا پەرەی سەندووە.
وەزیری دارایی لوبنان هاوکارییە دەرەکییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پلانی چاکسازییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان گەڕاندەوە و وتی کە بە بێ چاکسازییەکان دۆخەکە بەرەو باشبوون ناڕوات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەراپتر دەبێت.
دانوستانەکانی حکومەتی نوێی لوبنان بە سەرۆکایەتی نەجیب میقاتی لە گەڵ سندۆقی نێودەوڵەتی دراو لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە./.