بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، رۆمانی “سەلارخان” یەكێك لە ڕۆمانە پڕفرۆشەكانی ساڵی ٢٠٢١ـە مانگی نۆی ئەمساڵ چاپی یەکەمی بڵاو کرایەوە و بەمزووانە هەر لەم ساڵدا بۆ دووەم جار چاپ دەکرێتەوە.
ڕۆمانەکە ئێستا لە چاپخانەیە و بڕیارە ئەم مانگە لە پێشانگەی كتێبی سلێمانی لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نووسەر بڵاو ببێتەوە.
چاپی یەكەمی رۆمانی “سەلارخان” لەلایەن ناوەندی كوردڕاوم و چاپی دووەمی لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم وزینەوە بڵاو دەکرێتەوە.
مەحموود نەجمەدین، لەدایکبووی ١٩٨١ی شاری کەرکووک و دانیشتووی سلێمانییە و پێشتر لە بواری چیرۆکدا دوو بەرهەمی بەناوەکانی “پاسەکەی گوورون و هاوشێوەکانی سەلیم جەودەت”ی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و چەندان چیرۆکی کراونەتە عەرەبی و لە دووتوێی کتێبدا بڵاو کراونەتەوە و هەتا ئێستا دوو ڕۆمانی بەناوی “پیاوەکان بە خەونیش نەگەڕانەوە و سەلارخان” و دوو نۆڤلێتی “پەنجاو هەشت”ی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
مەحموود نەجمەدین یەکێک لە چیرۆکنووسە بە سەلیقە و جواننووسەکانە و بە دەیان بابەتە لەسەر چیرۆک و ڕۆمانەکانی بڵاو کراوەتەوە.
مەحموود نەجمەدین لە بواری رۆژنامەنووسیشدا کەسێکی چالاکە و دوو کتێبی لەبارەی دۆزی ڕەوای کورد لە باکووری کوردستان بە شێوەزاری سۆرانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.