بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژنان بە گشتی لە پاش منداڵبوون تووشی حاڵەتی بێتاقەتی و خەم و دڵتوندی دەبن، بە شێوەیەک کە کار ناکاتە سەر ژیانی ئاسایی ئەوان و نیشانەکان لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمدا دەردەکەون و دواتر نامێنن. ئەم حاڵەتەش بە نەخۆشی هەژمار ناکرێت و زۆربەی ژنان لە پاش چەند هەفتەیەک چاک دەبنەوە.
بەڵام هەندێک لە ئافرەتان تووشی نەخۆشی خەمۆکی پاش منداڵبوون دەبن کە نیشانەکانی زیاترە و کاریگەری لە سەر ژیانی ئەوان دەبێت.
نیشانەکانی توشبوون بەو جۆرە خەمۆکییە بریتین لە:
هەستکردن بە دڵتوندی و گریان.
تووشی خەوزڕان دەبێت و خەوی تێکدەچێت.
حەزی خواردنی نامێنێت یان هەندێک جار حەزی خواردنی زۆر دەبێت.
هێز و وزەی دادەبەزێت و توانای ئیشەکانی ڕۆژانەی نامێنێت.
چێژ لە خۆشییەکانی ژیانی نابینێت و حەزی لە هیچ نییە.
سەبارەت بە منداڵەکەی ناتوانێت پەیوەندیی لە گەڵدا درووست بکات یان هەندێک جار بیری هەڵە سەبارەت بە منداڵەکەی دێت بە مێشکیدا و دەیەوێت زیانی پێبگەێنێت.
ناتوانێت خزمەتی منداڵە تازە لەدایکبووەکە بکات.
توڕەبوون و هەڵچوون و بێئۆقرەیی.
گۆشەگیری و دابڕان لە کۆمەڵ و خێزان.
بیری خۆکوژی و خۆبەکەمزانینی هەیە./.