بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی کە لە بەردەم بنکەی سیخوڕی پێشووی ئەمریکا لە تاران بەڕێوەچوو، وتی: ئەمڕۆ بۆ گەلی ئێران ڕۆژی سەرکەوتنێکی گەورەیە، زاڵبوون بە سەر گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژووی مرۆڤایەتی واتە ئەمریکا، 13 ی گەڵاڕێزانی ساڵی 1358 ی کۆچی هەتاوی ئەو کاتەی ئەمریکا لە لوتکەی دەسەڵات و هێزی سیاسی، سەربازی و ئابوری خۆیدا بوو و هێشتا گەلی ئێران لە سەرەتای شۆڕشێکی بەشکۆ، بەم شێوازەی ئێستا بناغەی دەسەڵاتی بەهێزی خۆیان دانەنابوو.
ناوبراو وتی: ئەم بوێری و خۆڕاگرییە لە هەلومەرجی ئەو کاتەی جیهاندا یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین ڕووداوە مێژووییەکان بۆ مرۆڤایەتی و هەروەها بۆ گەلی ئازیزی ئێرانە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی: ئەگەر تەواوی ئەو شەڕانەی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو لە لایەن ئەمریکاوە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هەڵگیرساون هەژماری بکەین، زیاتر لە 40 شەڕ لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بەرهەم و ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەمریکا بووە و زیاتر لە 8 ملیۆن کوژراویش لە کارنامەی شەڕەکانی ئەو وڵاتەدا دەبینرێت، ئەمەش بەدەر لەو شەڕانەی کە ئەمریکا ناڕاستەوخۆ تێیدا تێوەگلاوە.
سەلامی وتی: زیاتر لە 200 دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان لە ئاستی کودەتا، گەمارۆی ئابوری، شەڕی سەربازی، پیلانگێڕی ناوخۆیی، هەموو بەرهەمی سیاسەتی ئەو زلهێزەیە کە بە درێژایی مێژووی ژیانی سیاسی خۆی ئیرادەی کردبوو تەنیا بە ئامرازە سەربازییەکان بگاتە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی. 750 بنکەی سەربازی ئەمریکا لە جیهان، هەر یەک بە شێوازێکی کاریگەری سیاسی هەوڵی ئەوەیان داوە زاڵبوونێکی سیاسی گشتگیر لە ئاستی جیهانیدا دابین بکەن.
وتیشی کە ئەمریکا کارگەی وەبەرهێنانی دیکتاتۆرەکانی جیهانە، لە فیلیپین تا سودان، شیلی و شای ئێران، دەسەڵاتدارانی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، لە ئەمریکای لاتین و لە جوگرافیی جیهان بە گشتی لەو دیکتاتۆرانە بینراوە کە بەرهەمی سیاسەتەکانی ئەمریکا بوون. ئەمریکا کە پەیکەری ئازادیی هەیە، زیاترین سەرکوتکاری و کوشتنی ئازادیخوازەکانی جیهان و وەبەرهێنان و بڵاوەپێکردنی ئامرازەکانی ئەشکەنجەدان و ناردنی بۆ دیکتاتۆرەکان و فێرکردنی شێوازەکانی ئەشکەنجەی لە کارنامەدایە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی: ئەمریکا تەنیا وڵاتێکە کە دوو جار لە چەکی ناوەکی لە دژی گەلێک لە ساڵی 1945 لە ناکازاکی و هیرۆشیما کەڵکی وەرگرتووە و لە کەمتر لە یەک چرکەدا بە سەدان هەزار مرۆڤی بێ تاوانی لە ناو برد. ئەمریکا لە ئێران بە کودەتای 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1332 ی کۆچی هەتاوی ڕژێمی شای جێگیر کرد و ئازادیخوازەکان و ئەم دەستەواژەی لە جوگرافی سیاسی ئێران سڕییەوە./.