بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاشم ئەلکەندی شرۆڤەکاری سیاسی و بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەکانی النباء سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق و چارەنووسی حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە لە پاش هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021، وتی کە لە ئێستادا ڕوبەڕوی دوو سیناریۆ بووینەتەوە. سیناریۆی یەکەم ئەوەی کە دەوڵەتی یاسا وێڕای هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی شێعە – بەدەر لە ڕەوتی سەدر – بتوانێت گەورەترین فراکسیۆنی ناوماڵی شێعە پێک بێنێت و لە هەنگاوی دواتریش لە گەڵ لایەنەکانی کورد و سوننە بگاتە ڕێکەوتن و بەمەش زۆرینەی پەرلەمانی پێک بێنن. لەم سیناریۆیەدا ڕەنگە ڕەوتی سەدر و هەندێک لایەنی بچووک ببنە ئۆپۆزسیۆن. هەروەها دەبێت سیناریۆی دووەمیش لە بەرچاو بگیردرێت کە تێیدا ڕەوتی سەدر لە گەڵ هەندێک لایەنی شێعەی وەک دەوڵەتی یاسا بگاتە ڕێکەوتن، لێرەدا حکومەتی بۆ شێوازی پێشووی تەوافوقی (ڕێکەوتن) دەگەڕێتەوە و سەرجەم لایەنەکان لە حکومەتی نوێدا پشکدار دەبن.
دەقی وتووێژی میدیایەکی ئێرانی لە گەڵ هاشم ئەلکەندی شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی عێراق لە درێژەدا هاتووە:
ئەم وتووێژە بە پرسیارێک سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق و داهاتووی بەردەم ئەم وڵاتە دەست پێدەکەین. بە بۆچوونی ئێوە ئایا لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کرا؟
هەڵبژاردنەکان لە هەمان قۆناغەکانی سەرەتایی و پێش ڕۆژی دەنگدان چەندین کێشە و گرفتی سەرەکیی هەبوو، سەرەڕای ئەمەش لایەنە سیاسییەکان بڕیاریاندا بە بەشداری لەم هەڵبژاردنانە و لە ڕێگای جێبەجێکردنی یاسا و سندۆقەکانی دەنگدانەوە، وڵات بەرەو داهاتوو بە پێی ئامانجەکانی خۆیان ببەن. بەشێکی زۆری ئەو لایەنانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کرد، دانیان بەو کێشە و گرفتانەدا دەنا بەڵام باسیان لەوە دەرکرد کە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لە ڕێگای سندۆقەکانی دەنگدانەوە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە دەنگدان کەم تێچووترین شێواز بۆ بەڕێوەبردنی عێراقە بەم هەموو پێکهاتە و مەزهەب و بۆچوونە جیاجیاوە.
هەر لەو کاتەدا، خەمخۆرانی عێراق جەختیان لە سەر پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندرووست و پاراستنی دەنگەکانی خەڵک دەکردەوە، لە نێو ئەو بۆچوونە جیاجیانەی ئەو کاتەدا، هەندێک لە پێشبینییەکان بە کردەوە بینرا، لەم نێوەندەدا، دەتوانین دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە نموونە بێنینەوە کە لە لایەن وڵاتانی وەک سعوودیە و ئیماراتەوە جێبەجێ دەکرا. هەندێک لەو پێداویستییانەی کۆکردنەوە و هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئیماراتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا و ئەمەش هەڵەیەکی گەورە بووە و ڕاست و درووستیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕوبەڕوی پرسیار دەکاتەوە.
بەداخەوە کە کۆمیسیۆنی جێبەجێکاری هەڵبژاردنەکان لەم بوارەدا ئەرک و ڕاسپاردەکانی خۆیی بە شەفافییەت، بێلایەنی، دڵنیایی و چارەسەرکردنی کێشە و گومانەکان جێبەجێ نەکرد. هەر بۆیە کۆمەڵە کێشە و گرفت و ساختەکارییەک ڕوویدا کە ئەنجامەکەشی لە ناڕەزایەتی خەڵک و لایەنەکان بەم هەڵبژاردنە بینراوە.
زیاتر لە سەدا 95 ی حیزبەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان، فراکسیۆنەکان و هاوپەیمانییەکان ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، لە بەرامبەردا دەبینین کە کۆمیسیۆن بووەتە گوێڕایەڵی لایەنە دەرەکییەکان، بە تایبەت ئەو گوشارانەی کە لە لایەن نێردەی تایبەتی ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ کاروباری عێراق بینراوە، پلاسخارت بە ئاشکرا ڕێگریی لە هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان دەکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان بۆ دڵنیایی زیاتر داوای هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکانیان کردووە.
ئەمڕۆ ناتوانین وێنایەکی ڕوون و شەفاف لە کەشی سیاسی عێراق بخەینەڕوو، تەنیا لە پاش چارەسەرکردنی ئەم کێشە و گومانانە و قبووڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن خەڵکەوەیە کە دەتوانین باس لە داهاتوو بکەین.
ئێوە باستان لە ڕۆڵ و دەستێوەردانەکانی پلاسخارت وەک نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق کرد. بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەمووانی تووشی شۆک کرد، لە کاتێکدا کە ئەنجامەکەی لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانی عێراقەوە پەسەند نەکراوە، ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەو بەیاننامەی بەپەلە دەرکرد؟ پەیامە سیاسییەکانی ئەو بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چییە؟
وەک چۆن کە ئاماژەم دا، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق دەستێوەردانی ناوخۆیی و دەرەکی هەبووە و ئەوەش دەزانین کە ئەمریکا زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە دەستێوەردانی هەبووە و بەردەوامیش دەبێت، تەنانەت هەنگاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکەوێتە هەمان چوارچێوەی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا، بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش ڕەنگە ئەنجامی گوشار و هەوڵەکانی واشنتن بێت.
بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە گەڵ ڕاستییەکان یەک ناگرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە لە ڕیزی دەسەڵات و ئەرکی ئەو ئەنجومەنەدا نەهاتووە کە بەم شێوە لە کاروباری وڵاتێکی سەربەخۆدا دەستێوەردانی هەبێت. هیچ یەک لە ناوەند و دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان پەسەند نەکردووە و تەنانەت کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش تەنیا ئەنجامی بەرایی ڕاگەیاندووە و ئەم ئەنجامەش لای دادگای باڵای عێراقەوە پەسەند نەکراوە و هێشتا ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە.
خوێندنەوەی گشتی لە عێراق وەهایە کە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێناو بەردەوامی دەستێوەردان و پلانەکانی ئەمریکا و بەریتانیایە تا گۆڕانکاری لە کەشی سیاسی عێراقدا بکەن و لە ڕێگای ئیمارات و سعوودیەوە جێبەجێ دەکرێت، وێڕای ئەوەی کە بەیاننامەکە دەتوانێت کێشەیەکی لە ئاستی ناوچەکەدا بە دواوە بێت، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر بەم شێوازە پەسەند بکرێت.
بە بۆچوونی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، ئەم پیلانەی ئەمریکا تەواوی گەلی عێراقی کردووەتە ئامانج، تەنانەت فراکسیۆنە براوەکانی هەڵبژاردنەکان لەم هەلومەرجەدا وەک دۆڕاو دادەنرێن، لە بەر ئەوەی کە ئەوانیش پێیان خۆش بوو لە هەلومەرجێکدا بگەنە کورسییەکانی پەرلەمان کە هیچ گومان و دوودڵییەک لە سەر ئەنجامەکانی نەبێت، ئەوان دەزانن کە چەند گوشار و دەستێوەردانی دەرەکی لەم هەڵبژاردنانەدا هەبووە، ئەو دەستە تێکدەرانەش خێر و خۆشیی گەلی عێراقیان ناوێت.
بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەم شێوازە قبووڵ بکەن بەڵام داواکارییەکە لە لایەن بەشێکی زۆری لایەنەکانەوە ڕەتکراوەتەوە.
سەرەڕای ئەو هەموو گومانەی کە لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە، دەبینین کە کێبڕکێیەکی جیدی بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی هەیە، لە لایەکەوە نوری مالیکی لە ڕێگای چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعەوە و لە لایەکی دیکەوە ڕەوتی سەدر بە فەرمی لێژنەیەکی دانوستانکاری بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە، لە سوننەکانیش هەر دوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم لە هەوڵی پێکهێنانی فراکسیۆنی سوننەی پەرلەماندان. ئایا ئەم هەوڵ و دانوستانانە لە پێناو قبووڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندایە؟
سەرەتا دەبێت بڵێم کە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆمەڵەیەکە بۆ ڕاوێژ و هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی شێعە و بە تایبەت ڕەوتی سەدریش، ئەڵبەت لە ئێستا و بە تایبەت لە پاش هەڵبژاردنەکان ڕەوتی سەدر بەشداریی تێدا ناکات. ئەو چوارچێوەیە بۆ هەماهەنگی زیاتری ناو ماڵی شێعەیە.
هێشتا لە کۆبوونەوەکانی ئەم چوارچێوەدا باس لە پێکهێنانی حکومەت و گەورەترین فراکسیۆن نەکراوە. پرسی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن، پرسێکی دەستوورییە. لە مادەی 76 ی دەستووری عێراقدا هاتووە کە گەورەترین فراکسیۆن دەبێت سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات تا لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕابسپێرێت، ئەمەش لە پاش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ و سوێندخواردنی ئەندامانەوە دەکرێت. دادگای فیدراڵی و دەستوور ئاماژەی ڕوونیان بەمە داوە کە فراکسیۆنی گەورە دەتوانێت لە دوو حاڵەتدا بێت. حاڵەتی یەکەم، ئەو لایەنەیە کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی کورسییەکانی بە دەست هێناوە، بەمەش بێت ڕەوتی سەدر وەک گەورەترین فراکسیۆن دادەنرێت. حاڵەتی دووەم ئەوەیە کە لە پاش هەڵبژاردنەکان و لە پەرلەمان بتوانێت هاوپەیمانییەک بۆ هەبوونی زیاترین کورسی پێک بێنێت.
بە واتای ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ڕاوێژەکانی خۆیان بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن دەست پێدەکەن و ئەم حاڵەتەی دووەم زیاتر لە گەڵ ڕاستییەکانی ئێستای گۆڕەپانی سیاسی عێراق یەک دەگرێتەوە. لەم هەلومەرجەدا پێدەچێت کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەو گرووپانەی کە ئامادەییان هەیە لە گەڵ دەوڵەتی یاسا ببنە هاوپەیمان، شانسی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنیان هەیە. پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 90 ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش لەو فراکسیۆنەدا بن و ڕەنگە ژمارەکەش زیاتر ببێت.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە تا چارەنووسی پۆستە گرنگەکان یەکلایی نەکرێتەوە باس لە پێکهێنانی ئەو فراکسیۆنە ناکرێت و هەنگاوی کرداریی بۆ هەڵناگیرێت. لە ئێستادا تا ڕادەیەک ڕاوێژی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکردووە، دەزانین کە سەرۆک وەزیران دەبێت بۆ شێعەکان بێت و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ کورد و سوننە دەبێت، سەرەتا دەبێت شێعەکان خۆیان یەکلایی بکەنەوە و پاشان کورد و سوننە دەتوانن لە گەڵ ئەوان ڕێکبکەون.
ئایا پێشبینی ئەوە دەکەن فراکسیۆنێک پێک بهێندرێت کە سەرجەم لایەنە گەورەکانی شێعە وەک ڕەوتی سەدر، دەوڵەتی یاسا، فەتح و … لە خۆ بگرێت، بە شێوازێک کە لایەنە شێعەکان لە سەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران بگەنە ڕێکەوتن؟ ئایا ئەم سیناریۆیە مسۆگەر دەبێت؟
لە ئێستادا ڕوبەڕوی دوو سیناریۆ بووینەتەوە، یەکەم ئەوەی کە دەوڵەتی یاسا بە هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی شێعە – بەدەر لە ڕەوتی سەدر – بتوانێت گەورەترین فراکسیۆن لە ناوماڵی شێعە پێک بێنێت و لە هەنگاوی دواتریش لە گەڵ لایەنە سەرەکییەکانی کورد و سوننە بگاتە ڕێکەوتن و بتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی پێک بێنێت، لەم سیناریۆیەدا ڕەنگە ڕەوتی سەدر و هەندیک لایەنی بچووک ببنە ئۆپۆزسیۆن.
هەروەها دەبێت سیناریۆی دووەمیش لە بەرچاو بگیردرێت کە ڕەنگە ڕەوتی سەدر لە گەڵ هەندێک لایەنی وەک دەوڵەتی یاسا بگاتە ڕێکەوتن و حکومەتی تەوافوقی وەک ڕابردوو هەبێت کە سەرجەم لایەنەکانی تێدا پشکدار بن.
ئەگەری هەر دوو سیناریۆکەش هەیە، سەرەتا دەبێت فراکسیۆنی زۆرینە لە ناوماڵی شێعە ببینرێت و کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکرێتەوە و ڕەنگە ماوەیەکی بوێت تا ئەو ڕێکەوتنە دەکرێت./.