بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ماوەیەدا بەشداری چەندین پاڵەوانێتی و چالاکی گرنگیان کردووە لە ناو چەکەو شارەکانی عێراق و ئێران .
جام کوردی بۆ زیاتر ئاشنا بوونی خوێنەران گفتوگۆیەکی لەگەڵ ناوبراودا ساز کردووەو سەرەتا سەبارەت مێژووی کارتی لە ھەڵەبجە وتی”
ماوەی (٢٣) ساڵە بەشی کاراتی لە یانەی وەرزشی ھەڵەبجەم دامەزراندووەو خۆشبەختانە (٥) ساڵە بەشی کاراتی کچانمان کردووەتەوە
کە ژمارەیان (٦٠) کچە یاریزانە لە سەر ئاستی (مناڵان، تازە پێشکەوتوان، پێشکەوتوان، لاوان) لە نێوانیشیاندا (٨) کچی پشتوێن رەشمان ھەیەو دەتوانن مەشق بکەن بە کچان.
لە بارەی بەشی کاراتی کوڕِانیشەوە وتی” تا ئێستا لە سەر ئاستی کوردستان بەشداری ھەموو پاڵەوانێتیەکانمان کردووە.
وە لە چەندین کێشدا توانیومانە زیاتر لە (١٠)پاڵەوانێتی لە سەر ئاستی کوردستان پلەی (یەک و دوو سێ) بە دەست بھێنین .
لە بارەی ئەوەی یەکەم جار کەی بوو چوونە دەرەوەی عێراق بۆ پاڵەوانێتی، ئەیوبی راھێنەری کاراتی وتی”
ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئێران لە سەبتی شۆتۆریۆ لە شاری تارانەوە بانگھێشکراین لەلایەن محەمەد رەزای خادمیان و ئاغای ئیسماعیلی خادمیان کە سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە بوو،
تا لە پاڵەوانێتیەکی کاراتیدا بەشداری جامێکی نێودەوڵەتی بکەین لە شاری کەرەج،
ئەوە بوو لەو پاڵەوانێتیەدا لە کۆی بەشداری (٢٨) یاریزان (١٠) یاریزانمان خەڵاتی مەدالیای برونزیان بە دەست ھێنا.
ئەوە یەکەم کرانەوەمان بوو بە وڵاتی ئێران،
لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ جاری دووەم لەلایەن ھەمان سەبتی شۆتۆریۆی تاران لە چوارەمین پاڵەوانێتی جامی گەورەی تاران بەشدار بووین،
لە سەر ئاستی (١٣) وڵاتی وەک (ئێران، ئازەربایجان، ئەڤغانستان، ئەرمینا، روسیا، فەرەنسا، عێراق، ھەرێمی کوردستان، مەکسیک، ھیندستان، مالیزیا).
لەو پاڵەوانێتیەشدا توانیمان (پلەی سێیەم) بە دەست بھێنین و زیاتر لە (٢٨) مەدالیای ئاڵتون و زیوو برونز لە سەر ئاستی کوڕان و کچان بە دەست بھێنین.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو پاڵەوانێتیانە ھاوڕێیەتی دروست کردووە لە نێوان کوڕان و کچانی ھەردوولا ئەیوبی راھێنەری کاراتی وتی”
لەو کاتەوە لە دەرەوەی پاڵەوانێتیەکان ھاوڕێیەتی و دۆستایەتیمان بتەوتر بووە لەگەڵ بەشی کاراتی شۆتۆریۆ راھێنەرو یاریزانە ئێرانیەکان،
ئێستاش بەردەوامین لە سەر ئەو دۆستایەتیە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بە تایبەتی لە تازەگەرێتی یارییەکانی کاراتی لە سەر ئاستی جیھان بەردەوام ئاگادارمان ئەکەنەوە،
وە کۆتا پاڵەوانێتی ساڵی (٢٠١٩) بوو جارێکی تر لەلایەن یەکێتی کاراتی ئێرانەوە بانگھێشتکراین،
کچانمان لە ھۆڵی حیجابی تاران بوو، کوڕانیش لە کۆمەڵەی وەرزشی شیرەدی بوو،
ئەوە بوو توانیمان بۆ جاری سێیەم بەشداری پاڵەوانێتی بکەین و لە کۆی (١٣) وڵات بە (٣٩) یاریزان بەشداریمان کردوو (٢٩) مەدالیای ئاڵتون و برۆنزو زیومان بە دەست ھێناو بۆ جاری دووەم بووینەوە بە پلە (٣) لەو پاڵەوانێتیەدا.
بەشی کاراتی یانەی ھەڵەبجە زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ بەشی کاراتی شۆتۆریۆی تاران و ئێراندا ھەیە،
ھەر بۆیە بۆ جاری سێیەم لەلایەن جەوادی سەلیمی سەرۆکی داوەرانی ئێران و ئەندامی لیژنەی داوەرانی جیھان بانگھێشت دەکرێنەوە بۆ بەشداری کردن لە جامی سەداقەت و دۆستی لە پارێزگای ئورمیە لە ساڵی ٢٠١٧،
لەو بارەیەوە ئەو راھێنەرەی بەشی کاراتی ھەڵەبجە وتی” لە پارێزگای ئورمیە (٣) ساڵ لە سەر یەک بە (٥ و ٦ و ٧) یاریزان بەشداری پاڵەوانێتیەکانی ئەو شارەمان کردووەو چەندین مەدالیای ئاڵتونیمان بۆ یانەکەمان بردووەتەوە .
لە بارەی ئەوەی بۆچی ھەموو پاڵەوانێتیەکانیان تەنھا لە تاران و ئورمیە بووە ناوبراو وتی”
لە بەر ئەوەی تاران سەرچاوەی کاراتی ئێرانەو ھەموو پارێزگاکان لقی کاراتیەکانیان سەر بە تارانە، بۆیە ئێمەش لەوێ بەشداریمان کردووە،
تەنانەت بەشداریکردنمان لە شاری ئورمیەش ھۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەڕێز جەوادی سەلیمی خۆی خەڵکی ئورمیەیە، بۆیە توانیویەتی یارییەکان بخاتە ئەو پارێزگایەوە .
لە لایەکی ترەوە لە سەردەمی ھاتنی کرۆناشدا سەرەڕای وەستانی چالاکیە وەرزشیەکان، ئەم گروپەی کاراتی ھەڵەبجە بەشدار بوون لە پاڵەوانێتیەکاندا لە تاران لە رێگای ئۆنلاین و ڤیدیۆ کۆنفرانس چالاکیان ھەبووە.
ھەر بۆیە ئەیوبی پشتوێن رەشی کاراتی وتی” لەکاتی ھاتنی کۆرۆنا زیاتر لە (٥٠) ڤیدیۆی کاتاو کۆمێتای کوڕان و کچانمان ناردووە بۆ پالئچەوانێتیەک لە تاران، ئەوە بوو توانیمان بۆ جاری (٣) یەم پلەی (سێیەم) ی ئەو پاڵەوانێتیەش بە دەست بھێنین و زیاتر لە (٤٥) مەدالیای ئاڵتون و زیو بە دەست بھێنین.
لە کۆتا پرسیاری جام کوردی سەبارەت بە پرۆژەی ھاوبەشیان لەگەڵ یانەو راھێنەرە ئێرانیەکان ئەیوب وتی”
لەگەڵ بەشی سەبتی شۆتۆریۆی تاران لە نێویاندا لەگەڵ ئاغای ئیسماعیلی خادمیان کە سەرۆکی سەبتی شۆتۆریۆکەیە،
لەگەڵ محەمەد رەزای خادیمیان کە برایەتی،بەردەوام ئاگاداری یەکترین و ھەماھەنگی تەواو لە نێوانماندا ھەیە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بانگھێشتی پاڵەوانێتیەکی دیکە بکرێین لە شاری تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران .
ئامادەکردنی/ ئەرینا ھەڵەبجەیی