هەر لە سەرەتاوە دیار بوو کە کێشەی سەرەکی سعوودیە لێدوانەکەی جۆرج قەرداحی نییە کە یەک مانگ پێش گەیشتنی بە وەزارەتی ڕاگەیاندنی لوبنان باسی کردووە. بەڵام لێدوانەکانی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی العربیە، پیشان دەدات کە ڕیاز لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگری بە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕازییە.
ئالی سعوود، حیزبوڵڵای لوبنان بە گرنگترین هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەکە دەزانێت و لێدوانەکەی جۆرج قەرداحیی کردووەتە بیانوو و هەوڵ دەدات جارێکی دیکە گوشارەکانی لە سەر حیزبوڵڵا زیاتر بکات.
فەیسەڵ بن فەرحان بە ڕاشکاوانە وتی کە ” کێشەی ڕیاز لە گەڵ لوبنان زیاتر و گەورەترە لە لێدوانێکی وەزیری ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتە و سعوودیە کێشەی لە گەڵ بەهێزبوونی هاوپەیمانەکانی ئێران لە لوبنان و ناوچەکە هەیە. لوبنان پێویستی بە چاکسازی گشتی هەیە و ئەمەش بە هۆی زاڵبوونی حیزبوڵڵایە بە سەر جومگە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتە “
ناوبراو وتی کە ” هەژموونی حیزبوڵڵا لە سەر سیستەمی سیاسی لوبنان ئێمە نیگەران دەکات و هاوکاری نێوان ڕیاز و بەیروت بێ ئەنجام دەکات “.
سعوودیە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو بەردەوام هەوڵی ئەوەیداوە کە سەرەتا بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە لاواز بکات و کاتێک لەم ستراتیژەدا سەرکەوتوو نەبوو، هەوڵەکانی لە پێناو ڕێگری لە بەهێزبوونی بەرەی خۆڕاگری و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە بەڵام لە گەیشتن بەم ئامانجەش سەرکەوتوو نەبووە. پترۆدۆلارەکانی سعوودیە چووەتە گیرفانی لایەنەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا بەڵام پێگەی سعوودیە لە ناوچەکە لاواز بووە. حکومەتی سعوودیە پێی وایە کە ئەم شکستە بە هۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفاداری گرووپەکانی خۆڕاگری بە تاران بووە، هەر بۆیە هاوکات لە دوو بەرەی ناوخۆیی و کۆدەنگی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی، دژایەتیکردنی گرووپەکانی خۆڕاگریی لە ناو وڵاتانی ناوچەکە خستووەتە ڕیزی کارە سەرەکییەکانی خۆی.
لێدوانەکانی بن فەرحان پیشان دەدات کە سعوودیە لێدوانەکانی قەرداحیی کردووەتە بیانوویەک بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی لوبنان تا بگاتە ئامانجەکانی لە دژی خۆڕاگری. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە گوشارەکانی سعوودیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان لە مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوە بچێت، بە واتایەکی دیکە تەنیا چەند مانگ تا ئەو هەڵبژاردنانە ماوە و سعوودیە و هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدەن بەم شکستانە بەستێنی شکستی هاوپەیمانی خۆڕاگری لە لوبنان دابین بکەن و ئەگەر لەم ڕێگاشەوە نەگەنە ئامانجەکەیان، بە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی و خۆپێشاندانەکانەوە هەوڵ دەدەن ئەو هەڵبژاردنانە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت./.