بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئاژانسی تەسنیم، زیاتر لە شەش ساڵە کە سعوودیە و هاوپەیمانەکانی شەڕێکیان لە دژی خەڵکی یەمەن دەستپێکردووە، ئەگەرچی هیچ یەک لە ئامانجەکانی بن سەلمان لەو شەڕەدا مسۆگەر نەبووە.
لەم چەند ساڵەدا بەردەوام باس لە هەندێک نیگەرانی دەکرا کە شارەزایان سەبارەت بەوان هۆشدارییان دابوو، نیگەرانییەکانیش هەمان تاڵانکردنی سەروەت و سامانی سرووشتیی یەمەنە و ئەوەی کە ئەمڕۆ باس لە خەمڵاندنی نەوتە تاڵانکراوەکەی یەمەن دەکرێت، شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بە بڕی مانگانە 165 ملیۆن دۆلارە.
عیسام متوەکل وتەبێژی کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە سەر ئەم تەوەرە ڕایگەیاند: وەک چۆن کە هەمووان دەزانن، هاوپەیمانی تاوانباری سعوودیە لە گەڵ گەمارۆدانی خەڵک، سامانە سرووشتییەکانی یەمەنی وەک نەوتی خاو تاڵان کردووە، بە شێوازێک کە تەنیا لە یەک مانگدا زیاتر لە 165 ملیۆن دۆلاری تاڵان کردووە.
حەسەن زایدی شارەزا لە کاروباری ئابوری و ڕاوێژکاری وەزیری نەوتی حکومەتی ڕزگاریی نیشتمانی یەمەن لە سەنعا ڕایگەیاند: لە نێو لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش کە چاویان بڕیوەتە سەروەت و سامانی یەمەن، ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان ئیمارات و قەتەردا هەیە. ئەم ناکۆکییەش، ئیماراتی بەرەو داگیرکردنی سەرچاوە گازییەکان یان هەمان سەرچاوەی هەناردەی گاز گەیاند کە قەتەر خەونی بە داگیرکردنی کێڵگەی نەوتیی سافر لە پارێزگای مەئربەوە دەبینی و ئەوەی کە لە ڕێگای سافرەوە دەتوانێت ڕێژەیەکی زۆر گازیش هەناردە بکات یان چاودێریی هەناردەی گاز بکات تا خواستی جیهانی لە سەر کڕینی گاز زیاتر نەبێت.
ناوبراو وتی: سامانە بەتاڵانبراوەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە کێشە ئابورییەکان و دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی یەمەن ڕۆڵی هەبووە، بە تایبەت ئەوەی کە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گاز چووەتە سەر حسێبی کەسانێک لە بانکی نیشتمانیی سعوودیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکردەکانی سەر بە هاوپەیمانی داگیرکارەوە هەبووە.
عیسام متوەکل وتەبێژی کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە سەر ئەم تەوەرە وتی: ئەگەر ئەو بڕە پارەیە کە لە سەروەت و سامانی خەڵکی یەمەن تاڵان دەکرێت، لە بانکەکانی یەمەندا دەبوو، بەهای دۆلار تووشی دابەزین دەبوو، بەڵام کاتێک کە سەرجەم داهاتەکانی نەوت و گازی یەمەن دەخرێتە سەر حسێبی بانکەکانی سعوودیە، خەڵکی یەمەن سوودێکی لێ نابینن و ئەمەش وا دەکات کە بەهای دراوی نیشتمانی دابەزێت و کێشە ئابورییەکانی دیکەش بە دوای خۆیدا دێنێت.
حکومەتی یەمەن لە سەنعا پێشتر هۆشداریی بەو لایەنانە داوە کە نەوتی ئەم وڵاتە دەکڕن و ڕایگەیاندووە کە لە کاتی گونجاودا و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵا لە سەر ئەوان تۆمار دەکات و لەم بوارەشدا پشتی بە هەندێک یاسای نێودەوڵەتی بەستووە کە فرۆشتنی نەوت بەم شێوەیە قەدەغە دەکات و بە پێچەوانەی گرێبەست و ڕێکەوتنە واژۆکراوەکانی نێوان یەمەنییەکان و ئەو کۆمپانیانەیە و جەختیشیکردووەتەوە کە لە گەڵ زۆربەی کۆمپانیاکان قسەی کردووە.
حەسەن زایدی شارەزای ئابوری و ڕاوێژکاری وەزیری نەوتی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن لە سەنعا وتی: ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە گەڵ هاوپەیمانی داگیرکاری سعوودیە بوونەتە هاودەست، دەزانن کە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەڵسووکەوت دەکەن و وەک کۆمپانیا دز و مافیاکان دادەنرێن کە لە گەڵ لایەنە نایاسایی و داگیرکارەکان هاوکاری دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە نێوان ئەو کۆمپانیانە و یەمەن واژۆ کراوە، ڕوون و ناوەڕۆکەکەی ئاشکرایە و تەواو یاسایین و ئەوەی کە هاوپەیمانی سعوودیە لە ئێستادا بەرژەوەندییەکانی ئەو گرێبەستانە بۆ خۆی دەبات بە تەواوی وەک تاڵانکردنە و سزای یاسایی هەیە.
ئەم تاڵانکردنەی سعوودییەکانیش وایکردووە کە ئێش و ئازارەکانی گەلی یەمەن لەم ساڵانەدا هێندەی دیکە زیاد ببێت./.