بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەبیر واسق وتەبێژی هێزەکانی بەرەی پەنجشیر و جێگری پێشووی بەڕێوەبەری ئەم ویلایەتە لە ئەفغانستان ڕایگەیاند کە ئەحمەد مەسعود فەرماندەی هێزەکانی پەنجشیر لە وڵاتی تاجیکستانە بەڵام هەندێک کات بۆ چاوپێکەوتنی یەکەکانی خۆڕاگری لە ناوچە جیاجیاکان سەردانی ئەفغانستان دەکاتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەحمەد مەسعود هەوڵ دەدات بۆ دژایەتی تاڵیبان هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت.
پێشتریش ئیمام عەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستان لە حەفتا و شەشەمین کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیری لە ئەفغانستان بە بەشداری سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە کردبوو./.