بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەکی لوبنانی ئاشکرایان کردووە کە وەلید بوخاری باڵیۆزی سعوودیە لە بەیروت چەند ڕۆژ لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان بە سەرۆکایەتی نەجیب میقاتی ڕایگەیاند کە دەرگاکانی سعوودیە بە ڕووی لوبناندا داخراوە.
ئەو سەرچاوانە بە ڕۆژنامەی الجمهوریە یان ڕاگەیاند کە سعوودیە بە هیچ شێوازێک ڕەزامەندیی لە سەر کابینەکەی میقاتی نەبووە و لە کاتی پێکهێنانییەوە هیچ هاوکارییەکی لە گەڵ ئەم حکومەتە نەبووە.
وەلید بوخاری باڵیۆزی سعوودیە تەنانەت پیرۆزبایی لە نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان نەکرد و ئەوەشی ڕاگەیاند کە هەندێک لەو وەزیرانە شیاوی ئەو پۆستانە نین کە وەریانگرتووە، ئەمەش دەستێوەردانی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان.
باڵیۆزی سعوودیە ڕایگەیاند کە کابینەی نوێی لوبنان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو متمانەی ڕیاز بە دەست بێنێت و بەم هۆیەوە دەرگاکانی بە ڕوودا داخراوە.
بوخاری بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ناوی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان داوە کە کەسێکی پەسەندکراوی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریایە./.