سعوودیە بە هۆی پێگە و دەستڕۆیشتوویی لە جیهانی عەرەب، لە ساڵی 1989 میوانداریی لایەنەکانی لوبنانی لە شاری تایف کرد کە ئەو ڕێکەوتنەش تا ئێستا ڕێڕەوی سیاسی ئەم وڵاتەی دیاریکردووە.
زۆرن ئەو نموونانەی کە باس لە پێگەی بەهێزی سعوودیە لە دەیەکانی ڕابردوو دەکەن و لەم نووسینەدا مەجالێک بۆ ئاماژەدانی نییە.
بەڵام لەم ساڵانەدا بە پێی سیاسەت و ستراتیژی هەڵەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە و بیرکردنەوەی نادرووستیان لە جیهانی ئێستا و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە و جیهان، سعوودیە لە پێگەی هێزێکی گەورەی مەزهەبی، سیاسی و ئابوری بۆ ئاستی هێزێکی بچوونی ناوچەکە دابەزیوە.
نموونەی ئەم لاوازییەش لە قەیرانی قەتەر بە ڕوونی بینرا کە لە 13 مەرجەکەی محەممەد بن سەلمان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر دراوسێ بچووک و دەوڵەمەندەکەی ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، هیچ خاڵێکی جێبەجێ نەکرا و دەسەڵاتدارانی ڕیاز بە ناچار هەڵەی خۆیان قبووڵ کرد و وازیان لەو هەڵوێستەیان هێنا و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دەوحە دەستپێکردەوە.
لە قەیرانی یەمەنیش ئەم وڵاتە بە هاوپەیمانییەکی گەورە و بە بەشداری نزیکەی 60 وڵات، شەڕی دژ بە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای دەستپێکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 80 مانگ لە دەستپێکردنی ئەو شەڕە، نەیارانی سعوودیە لە یەمەن دەستی باڵایان لە هاوکێشەکاندا هەیە.
لە قەیرانی ئێستاش لە گەڵ لوبنان ، سعوودیە ویستی ئەوەی هەبوو هاوڕێ لە گەڵ جیهانی عەرەبی گەمارۆیەکی هەمەلایەنەی دیپلۆماسی بە سەر حکومەتەکەی نەجیب میقاتیدا بسەپێنێت تا شکستەکانی ئەم دواییەی لە مەئربی یەمەن پەردەپۆش بکات بەڵام تەنانەت وڵاتانی کاریگەری ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس وەک عۆمان و قەتەر نەبوونە هاوڕێی.
بن سەلمان وای بیر دەکردەوە کە ئەمریکا و فەرەنساش لەم گەمارۆیەی دژ بە لوبنان دەبنە پشتیوانی سعوودیە بەڵام نەک تەنیا ئەمە ڕووی نەدا بەڵکوو ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا جەختیان لە سەر بەردەوامیی حکومەتەکەی میقاتی کردەوە و جۆرج قەرداحی بە لێدوانەکەی کە بووەتە جێی توڕەویی و ڕەخنەی توندی سعوودییەکان، ئێستا وەک قارەمانێکی نیشتمانی لە لوبنان و تەنانەت جیهانی عەرەب سەیر دەکرێت.
باڵیۆزەکەی سعوودیەش لە بەیروت لە کاتی جێهێشتنی لوبنان تەنیا لە لایەن سەمیر جەعجەع ستایش کرا و ئەمەش لاوازبوونی پێگەی سعوودیە لەم بە ڕوونی پیشان دەدات، ئەمەش لە کاتێکداتە کە سەردەمێک سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە بێ هەماهەنگی و ڕەزامەندی ڕیاز هەڵنەدەبژێرا.
داهاتووی گۆڕانکارییەکانیش وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە محەممەد بن سەلمان بە هەڵە بەردەوامەکانی خۆی سعوودیەی کردووەتە هێزێکی بچووکی ناوچەکە کە تەنانەت هێزی بەرگری و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیی لە سنورەکانیشی نەماوە و بێ گومان لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ژمارەی شکستە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی جێنشینی سعوودیە زیاتر بەرۆکی دەگرێتەوە./.