بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی سعودیی الشرق الاقتصادیه ڕایگەیاند کە ڕیاز بەم دواییانە 3 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریی لە بانکی ناوەندی میسردا کردووە و هەروەها ماوەی داراییەکانی پێشووشی بە بڕی 2 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار زیاد کردووە.
رۆژنامەکە لە سەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای سعوودیەوە ڕایگەیاند کە ڕیاز لە ڕووی داراییەوە هاوکاری زۆری ژمارەیەک لە وڵاتانی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هەفتەی ڕابردووش پاکستان ڕایگەیاند کە سعوودیە بڕی 3 ملیار دۆلار ڕادەستی بانکی ناوەندی ئەم وڵاتە دەکات.
شەوکەت تارین بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی دارایی پاکستان ڕایگەیاند کە بەدەر لەو پارەیە، ڕیاز بڕیارە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری دیکە ڕادەستی ئیسلام ئاباد بکات.
هاوکارییەکانی سعوودیە بۆ میسر دەچێتە چوارچێوەی دژایەتیکردنی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین. ساڵی 2013 لە کودەتایەکی سعوودیدا دەسەڵاتەکەی محەممەد مورسی لە میسر ڕووخا و عەبدولفەتاح سیسی کە ئەو کات فەرماندەی سوپا بوو، وەک سەرۆک کۆمار گەیشتە دەسەڵاتی میسر./.