بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باڵیۆزخانەی عێراق لە کوێت ڕایگەیاند کە بەغدا بەم دواییانە 490 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبووی زیانەکانی شەڕی کوێت بەو وڵاتە داوە.
لە بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی عێراقدا هاتووە کە ئەو پارەیە سێ شەممەی هەفتەی ڕابردوو دراوە و 629 ملیۆن دۆلاری دیکەی بڕیارە سەرەتای ساڵی 2022 بە کوێت بدرێت.
باڵیۆزخانەی عێراق پێدانی ئەو پارەی بە کوێت وەک پابەندبوون بە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی ناو بردووە کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕ و کاتی دانەوەی دیاری کراوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2000 عێراقی پابەند بە قەرەبووکردنەوەی کوێت کرد و 14 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاریشی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرد.
قەرەبووەکەش لە داهاتە نەوتییەکانی عێراق و هەر سێ مانگ جارێک دەدرێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارێکدا لە ساڵی 2017، لە سەدا 0.5 ی داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە ساڵی 2018، لە سەدا 1.5 لە ساڵی 2019 و لە سەدا 3 ی داهاتە نەوتییەکانی عێراقی لە ساڵی 2020 بۆ پێدانی قەرەبووەکەی کوێت دیاری کرد./.