بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرۆژەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و وەبەرهێنانی 7.5 گیگاوات وزە پێش 2023 بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە بە ڕێگایەکی درووستدا دەڕوات. ئەم هەواڵەش لای ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە 23 ی تشرینی یەکەم وتی کە ئەم پرۆژانە بەشێک لەو پرۆژەی چاکسازییەی بواری وزەیە کە ئامانجەکەی وەبەرهێنانی لە سەدا 63 ی کارەبایە لە وزەی پاک و خاوێن لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوو. حکومەتی عێراق لەم پێناوەدا چەندین گرێبەستی لە گەڵ کۆمەڵە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕ لە بواری وزەی پاک و بونیادنانی چەندین وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا بە دەفرایەتی 3.5 گیگاوات، وەک بەشێک لە بەرنامەی وەبەرهێنانی 12 گیگاوات واژۆ کردووە.
نوێترینی گرێبەستەکانیش لە نێوان بەغدا و کۆمپانیای مەسدەری ئەبوزەبی بۆ پەرەپێدانی وێستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر واژۆ کراوە. قۆناغی یەکەمی ئەم پرۆژانە لە ئێستادا لە بواری جێبەجێکردندایە و وێستگەیەکی 450 مێگاواتی لە زیقار، وێستگەیەکی 350 مێگاواتی لە ئەنبار، وێستگەیەکی 100 مێگاواتی لە نەینەوا و وێستگەیەکی 100 مێگاواتی دیکە لە میسان لە خۆ دەگرێت. حکومەتی عێراق هەروەها گرێبەستێکی لە گەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ بونیادنانی وێستگەیەکی وەبەرهێنان لە وزەی خۆر لە ناوچەی بەسرە واژۆ کردووە و هەروەها لە گەڵ کۆمەڵە کۆمپانیایەکی نەرویجیش بۆ جێبەجێکردنی دوو پرۆژەی وەبەرهێنان لە وزەی خۆر – وێستگەیەکی 300 مێگاواتی لە کەربەلا و وێستگەیەکی 225 مێگاواتی لە بابل – واژۆ کردووە.
یەکەم وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر کە لە سیستەمی نیشتمانیی وەبەرهێنانی کارەبای عێراق زیاد دەکرێت، وێستگەی تۆتاڵە بە توانای یەک گیگاوات کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت، وێستگەکانی دیکە بڕیارە لە ساڵی 2023 بەرە بەرە لە سیستەمی نیشتمانیی وەبەرهێنانی کارەبای ئەم وڵاتە زیاد بکرێن.
ئێحسان عەبدولجەبار کە هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وزەیە، ڕایگەیاند کە عێراق پلانی زۆری بۆ پەرەپێدانی وزەی پاک هەیە و تا ئێستاش سێ گرێبەستی بۆ کردنەوەی وێستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر واژۆ کردووە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە عێراق تا ئێستا لە سەدا 40 ی پلانەکەی خۆیی بۆ وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر جێبەجێ کردووە.
عێراق بەردەوام قەیرانی کارەبای هەبووە، کەمتر لە 21 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێویستی بە 30 هەزار مێگاوات هەیە. هەروەها کێشەی کەمبوونی گازی پێویستی وێستگەکانی کارەبای هەیە. عێراق بۆ تەواوبوونی کێشەی کارەبا و وەبەرهێنانی کارەبا لە ناوخۆی ئەم وڵاتە پێویستی بە 15 ملیار دۆلار بودجە هەیە و داهاتەکانی ئەم وڵاتە بە پێی خەرجییە گشتییەکانی ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی کەرتی کارەبا بێت.
گۆڕینی ئاراستەی وزەی عێراق بەرەو وزەی خۆر کێشەیە و پێویستی بە توێژینەوەی پسپۆڕانە هەیە، بۆ نموونە، سیستەمی کۆنی کارەبای ئەم وڵاتە توانای خۆڕاگریی لە بەرامبەر هەڵکشان و داکشانی وەبەرهێنانی وزەدا نییە. سەرەڕای، عێراق لە ڕووی وزەی خۆرەوە دەوڵەمەندە کە بۆ وەبەرهێنانی وزەی کارەبا بە ڕێژەی 1899 کیلۆوات کاتژمێر لە مەتری چوارگۆشە خەمڵاندنی بۆ کراوە. لە ئەنجامی ئەمەش، هەبوونی تۆڕێکی گواستنەوە و دابەشکردنی بەردەوام و جێی متمانە بۆ چالاککردنی وێستگەکانی وزەی خۆر بە بێ کێشە، پێویستە. کێشەی دیکە ئەوەیە کە پلانەکانی پێشووی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام گرنگیی بە وەبەرهێنانی کارەبا داوە و دابەشکردن، گواستنەوە و وەرگرتنەوەی تێچووەکانی لە بەرچاو نەگرتووە.
گۆڕینی وزەی عێراق بە ئاراستەی وزەی خۆر دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار لە سەر بودجەی گشتی ئەم وڵاتە لە ڕێگای وەبەرهێنانی گاز و کۆتایی هێنان بە هاوردەی گاز، زیاد بکات. پێدەچێت حکومەتی عێراق بەرەو بەستنەوەی تۆڕی کارەبای خۆی بە وڵاتانی کەنداوی فارس، ئەردەن و تورکیا بێت تا تەنیا بەسراوەی هاوردەی کارەبا و وزەی ئێران نەبێت. عێراق ڕۆژانە 5 ملیۆن مەتری سێجا هاوردەی گازی لە ئێران هەیە. بەدەر لەمەش، وەزارەتی کارەبا لە نەوتی خاو بۆ وەبەرهێنانی کارەبا کەڵک وەردەگرێت و ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەکار دێنێت کە ساڵانە تێچوویەکی زیاتر لە 5 ملیار دۆلاریی بۆ حکومەتی عێراق دەبێت.
عێراق لە بواری پیسبوونی هەوا و ژینگە لە پلە باڵاکانی ڕیزبەندی جیهانیدایە، ئەویش بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت و سووتانی گاز، زیاتربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و موەلیدەکانی وەبەرهێنەری کارەبایە، هەروەها ناوچە جیاجیاکانی عێراق بەرەو بە بیابانبوون هەنگاو دەنێن. ئەم ڕەوتەش قەیرانێکی گەورەی بە دواوە دەبێت، بۆ نموونە، زیاتربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ساڵانە لە عێراق تووشی جۆرەکانی شێرپەنجە دەبن، یان بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە لە هاوینی ڕابردوو بۆ سەروەری 50 پلەی سەدی ڕۆیشت. حکومەتەکەی مستەفا کازمی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشانە وەزارەتی ژینگەی زیندوو کردەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق ئەم وەزارەتەی لە گەڵ وەزارەتی تەندرووستی تێکەڵ کردبوو.
بانکی ناوەندی عێراقیش پلانێکی تایبەتی بۆ هاندانی هاووڵاتیان و بەکارهێنانی کارەبای بەرهەمهێنراوی وزەی خۆر هەیە، هەروەها دەیەوێت ژمارەی موەلیدە ئەهلییەکان لە گەڕەک و کۆڵانی شار و شارۆچکەکان کەم بکاتەوە.
لەم پێناوەدا، حکومەتی عێراق لە 22 ی ئەیلول ڕایگەیاند کە پلانی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و گرنگیدان بە ئابوری سەوز لە ڕێگای پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بە پێی ڕێکەوتنی کەش و هەوای پاریس و بە ئامانجی دابەزاندنی ئاستی پیسبوونی هەوا دەستیپێکردووە. جاسم فەلاحی وەزیری ژینگەی عێراق وتی کە عێراق 10 مانگ وزەی خۆری هەیە و دەتوانێت بۆ وەبەرهێنانی کارەبای پێویستی هاووڵاتیان کەڵکی لێ وەربگرێت. ناوبراو داوای لە قوتابخانەکان و فەرمانگە حکومییەکان کردووە کە ئەم جۆرە وزەیە بۆ پێداویستییەکانی خۆیان بەکار بێنن.
پێدەچێت کە خواستی خەڵکیش لە سەر بەکارهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە نێو عێراقییەکاندا ڕووی لە زیادبوون کردبێت. سەرەڕای ئەمەش، نرخی ئەم جۆرە وزەیە هێشتا بەرزە و حکومەت پێویستی بەوە هەیە کە لانیکەم باجەکان لە سەر ئەم وزەیە کەم بکاتەوە یان بە تەواوی هەڵیبگرێت تا نرخەکان دابەزێت و خەڵک بە ئاسانی بۆی دابین بکرێت./.