بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بووەتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر بەڵام لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی داهات و پارە براوەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە.
بەرپرسانی عێراقی دەڵێن کە لە پاش ساڵی 2003 بە هۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە 300 ملیار دۆلار لە پارە و داهاتی ئەم وڵاتە تاڵان کراوە و براوەتە وڵاتانی دەرەوە.
سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی و تاوانە گەورەکان لە ساڵی 2020 تا ئێستا 8 ترلیۆن و 500 ملیار دینار (نزیکەی 5 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار) بووە کە تۆمەتبارەکانیش، بەرپرسانی حکومی، بازرگانان و فەرمانبەرانی ئاستە جیاجیاکان بوون.
بەرپرسێکی عێراقی بە پێگەی العربی الجدیدی ڕاگەیاندووە کە هەوڵەکانی ئەو لێژنەیە سەبارەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی بەردەوامە و پەیوەندی بە کۆتایی تەمەنی ئەم حکومەتە و بوونی بە حکومەتی کاربەڕێکەر نییە.
لە لایەکی دیکەوە سالار عەبدولستار وەزیری دادی عێراق وتی کە بەغدا لە ڕێگای باڵیۆزخانەکانی خۆیەوە نامەی ڕادەستی ئەو وڵاتانە کردووە کە پارە و داهاتە تاڵانکراوەکانی عێراقیان تێدایە و بەشێک لەو پارانەش لای بانکەکانی ئەو وڵاتانەیە کە پەیوەندی بە پێش 2003 هەیە و لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە و بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە سپیکردنەوەی پارەوە هەیە کە پاش 2003 کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەخت لە سەر جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی داهاتە تاڵانکراوەکانی ئەم وڵاتە دەکاتەوە کە پێشتر بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی پەرلەمان کرابوو. عەبدوڵڵا زەیدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە یاساکە لە لایەن دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و بە بەشداری کۆمەڵە کەسانێکی شارەزا، دادوەرەکان، پارێزەران، مامۆستایانی زانکۆ و ڕاوێژکارانی یاسایی سەرۆک کۆمارەوە داڕشتنی بۆ کراوە و ئاراستەی لێژنەی یاسایی پەرلەمان کرا بەڵام لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەند نەکرا./.