بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاروانسەرای قەسری بەهرام یان کۆشکی بەهرام لە سەردەمی حکومەتی ساسانییەکان و لە لایەن شا بەهرامی ساسانییەوە درووست کرا بەڵام ماوەیەک پاش ئەوە لە لایەن شا عەباسی سەفەوییەوە نۆژەن کرایەوە و دیسانەوە وەک کاروانسەرا کەڵکی لێ وەرگیرا. ئەم کاروانسەرا مێژووییە لە ساڵی 1354 ی کۆچی هەتاوی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کرا.
بۆ بینینی کاروانسەرای کۆشکی بەهرام دەبێت سەردانی 154 کیلۆمەتری باشوری تاران، واتە شوێنێک لە باشوری گەرمسار و باکوری دەریاچەی نمەک (خوێ) بکەن. لەم شوێنەدا بەدەر لەوەی کە ڕوبەڕوی دیمەنی بیابانی و سرووشتی گیایی و ئاژەڵەکانی ناوچەکە دەبنەوە، بینایەکی مێژوویی و پڕبایەخیش دەبینن. ڕەنگە لە یەکەم نیگادا هەست بەوە بکەن کە لە جێی بینینی کاروانسەرایەکی نێوان ڕێگاکان، کاروانسەرایەکی ناو شارەکان دەبینن، ژمارەیەک لە شارەزایان پێیان وایە کە ئەم بینایە شوێنێک بۆ مانەوەی پاشاکانی سەفەوی لە کاتی ڕاو و سەردانەکانی ئەوان بووە. بەشی دەرەوەی بیناکە بە بەردی سپی و لە چواردەوریدا چەندین تاوەر هەیە. دەروازەی سەرەکی بەرەو بەشی باکور دەکرێتەوە.
لەم کاروانسەرایەدا وەک کاروانسەراکانی دیکەی ئێران حەوشەیەکی گەورە دەبینرێت کە 24 ژوور لە چواردەوریدا درووست کراوە و شوێنی مانەوەی چوارپێکانیش کەوتووەتە پشتەوەی ئەم ژوورانە. لە نهۆمی سەرەوە چەندین ژوور هەیە کە شوێنی چێشتخانەکان بووە. کاروانسەراکە لە دەرەوە وەک چوارگۆشەیە و چوار تاوەری بەرز و دوو دەروازەی باکور و باشوری هەیە. بەدەر لە حەوشەوی سەرەکی، حەوشەیەکی گەورە و سادەش لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کاروانسەراکە دەبینرێت. لە بەشی ڕۆژئاوای حەوشەی سەرەکی، هۆڵێکی گەورە هەیە کە تێیدا شانشین هەیە و هەیوانێکیش لە بەردەم هۆڵەکەدا دەبینرێت. لە بەشی ناوەڕاستی حەوشەکەش، حەوزێکی چوارگۆشە بە قووڵایی 2 مەتر هەیە و بۆ گەیاندنی ئاو بە کاروانسەراکە لە کانی شایی لە داوێنی شاخێک بە ناوی سیاکوە کەڵک وەرگیراوە. کانیاوەکە کەوتووەتە زیاتر لە 5 کیلۆمەتریی کاروانسەراکە. ئاوی کانیاوەکە لە عەمبارێک لە 100 مەتری بیناکە هەڵدەگیرا و لەوێشەوە ڕەوانەی ناوەوەی کاروانسەراکە و حەمامەکەی دەکرا.
ئەم کاروانسەرایە کە بە کاروانسەرای شا عەباسیش ناوبانگی دەرکردووە، ئەمڕۆ وەک بنکەی پاراستنی ژینگە لە پارکی نیشتمانی بیابانەکانی ئێران (کەویر) و هەروەها میوانخانە بۆ مانەوەی گەشتیاران بەکار دێت. دەستەی پاراستنی ژینگەی ئێران بە چاودێری وەزارەتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری ئەم وڵاتە، بیناکەی نۆژەن کردووەتەوە و بەم هۆیەوە گەشتیاران دەتوانن لەم شوێنە جوان و مێژووییە ئەزموونێکی باش لە گەڵ خۆیان بە یادگار ببەن./.