بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاروانسەرای زەینەدین لە ڕیزی کاروانسەرا مێژووییەکانی ئێراندایە. ئەم کاروانسەرایە کەوتووەتە قەزای مێهریز لە پارێزگای یەزد. مێژوویەکی زیاتر لە 400 ساڵەی هەیە و یەکێک لەو شوێنانەیە کە بەردەوام لای گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بە سەردەکرێتەوە.
ئەم کاروانسەرایە یەک لەو کاروانسەرا جوانانەیە کە کەوتووەتە ناو دڵی بیابانەکانی قەزای مێهریز. کاروانسەراکە کەوتووەتە 60 کیلۆمەتری ڕێگای یەزد – کرمان و وەک یەکێک لە بینا هەرە جوانەکانی سەردەمی سەفەوییەکان لەم شارەدا ماوەتەوە. کاروانسەرای زەینەدین لە سەدەی 10 ی کۆچی مانگی درووست کراوە و وەک شوێنی مانەوەی کاروانەکان کەڵکی لێ گیراوە. ئێستاش بە نۆژەنکردنەوەی دەتوانێت ڕۆژانە میوانداری لە 100 میوان و گەشتیار بکات.
ئەم بینایە لە سەردەمی سەفەوییەکان درووست کراوە و شا عەباسی سەفەوی لەو سەردەمەدا 999 کاروانسەرای لە ئێران درووست کرد و زەینەدین بە یەکێک لە جوانترینی ئەوان دادەنرێت. لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە کە کاروانسەرای زەینەدین لە یەزد بە بۆنەی چاوپێکەوتنی شا عەباس و زەینەدین گەنجعەلی خان دەسەڵاتداری پارێزگای کرمان لە سەدەی 10 ی کۆچی درووست کراوە. ئەندازیارەکەی کەسێک بە ناوی محەممەد سوڵتان یەزدی بووە کە یەکێک لە باشترین ئەندازیارانی ئەو سەردەمە بووە.
کاروانسەرای زەینەدین بە نموونەی هەرە جوانی بیناسازی سەردەمی سەفەوییەکان لە سەر ڕێگای ئاورێشم (لە ناحیەی ناوەندیی مێهریز و لە 60 کیلۆمەتری شاری یەزد) دادەنرێت.
لەو سەردەمەدا بۆ مانەوەی چەکداران و پاسەوانەکانیش کەڵک لەم کاروانسەرایە وەرگیراوە. ئەمڕۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی کە بۆ ئەو مەبەستە درووست کراوە وەک خۆی ماوەتەوە و وەک هوتێل بۆ شوێنی مانەوەی گەشتیاران بەکار دێت./.