بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا وێڕای ڕەخنەی توند لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هۆشدارییدا کە سیاسەتەکانی ئەنکەرە بە هەڕەشەیەک لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا هاتووە: دیمەشق بە توندی ئیدانەی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی پرۆسە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە بۆ دوو ساڵی دیکە لە سوریا و عێراق دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی پرۆسە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی سوریا بە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر دۆخی سوریا دادەنرێت.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا بە بەرپرسیار ناو براوە و هاتووە کە تورکیا بەربەست لە بەردەم چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا دەخوڵقێنێت و درێژە بە هەنگاوەکانی بۆ گۆڕینی پێکهاتە و بە تورککردنی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا داوای لە ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە کە نابێت لە بەرامبەر سیاسەت و کردەوەکانی ئەنکەرە بۆ هەڕەشە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێدەنگ بن و پێویستە ئیدانەی هێرش و دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی دەسەڵات، سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بکەن./.