بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەهرا ئێرشادی دیپلۆماتکار لە نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کاتێک شەپۆلی پەنابەرانی ئەفغانی ڕوو لە ئێران دەکەن بەو مانایە دەبێت کە ئەوان ڕەنگە بەرەو ئەورووپا بڕۆن.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: داوا لە ئێران دەکرێت کە میوانداری لەو پەنابەرانە بکات بەڵام کاتێک دۆخەکە تا ڕادەیەک ئاسایی کرایەوە هیچ پاڵپشتییەکی تەنانەت زارەکی بۆ وڵاتی ئێمە ناکرێت.
ئێرشادی وتی: ئێستا کە کەرتی ئابوری ئێران بە هۆی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو پێشوازیمان لە زیاتر لە 300 هەزار پەنابەری ئەفغانی کردووە و زیاتر لەمە توانای پێشوازیمان لە ئاوارە و پەنابەرەکان نییە.
وتیشی کە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئەفغانستان تاکە ڕێگای چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەرانە لەو وڵاتە و ئەمەش لە ڕێگای پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیرەوە دەبێت کە بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و هەروەها پاڵپشتی لە مافی سەرجەم پێکهاتە و مەزهەبەکان جێبەجێ بکات./.