بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی سعوودیە لە هەنگاوێکی نامرۆڤانەدا و لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانێکی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان سەبارەت بە شەڕی یەمەن، هاوردەی هەر چەشنە کاڵا و بەرهەمێکی لوبنانی ڕاگرت.
لوبنان کە لە قەیرانێکی ئابوری و داراییدایە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە هەناردەی کاڵا و بەرهەمەکانی هەیە.
ئامارە فەرمییەکانی لوبنان پیشان دەدات کە سعوودیە لە پاش ئیمارات دووەم ئامانجی گەورەی هەناردەی لوبنانە و ڕێژەی هەناردەکەشی بۆ سعوودیە ساڵانە 250 ملیۆن دۆلارە.
نزیکەی لە سەدا 20 ی ئەم هەناردەیە تایبەتە بە میوە و سەوزە کە سعوودیە پێشتر بە بیانووی دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بارەکانی سەوزە و میوەدا قەدەغەی کردبوو.
فەوزی کبارە باڵیۆزی لوبنان لە سعوودیە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە ساڵانە 600 ملیۆن دۆلارە.
زیانەکانی لوبنان کاتێک زیاتر دەبێت کە وڵاتانی هاوپەیمان و شوێنکەوتووی سعوودیە لە ناوچەکە بڕیارێکی هاوشێوە دەربکەن. ئەم بڕیارەی سعوودیەش پیشان دەدات کە لێدوانەکانی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان تەنیا بیانوویەک بۆ سەپاندنی سزا و گەمارۆ ئابورییەکان لە دژی گەلی ئەم وڵاتەیە./.