شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هەنگاوە دوژمنکارانەکانی سعوودیە تەنیا بە ئامانجی لاوازکردنی خۆڕاگری و هاوکێشەی هێز و توانای بەرگریی جێبەجێ دەکرێت.
ئەم ئامانجەش لە ڕاستیدا ئامانجێکی ئەمریکی – زایۆنیستییە کە بەردەوام سعوودیە وەک جێبەجێکاری ئامانج و پیلانەکانی واشنتن و تەل ئەبیب لە ناوچەکە و بە تایبەت لە لوبنان دەرکەوتووە، تەنانەت ئەگەر سعوودیە لە چەندین قۆناغدا هاوکاری لوبنانی کردبێت، بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی حیزبوڵڵا و لایەنەکانی نزیک لە خۆڕاگری بووە.
سەرجەم ئەو کەسانەی کە لەم کاتەدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی هێرشەکانی سعوودیە، یان کەسایەتییەکانی لایەنگری خۆڕاگرین وەک میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان، یان ئەو کەسانەن کە خۆیان بەشێکن لە خۆڕاگری بە نوێنەرایەتی حیزبوڵڵا.
ئەوەی کە سعوودیە دەیکات ئامانجی دیکەشی هەیە، ئەویش نزیکبوونەوەیە لە ئەمریکا، بە تایبەت لەم کاتەی کە ئیدارەی جۆبایدن بە پێچەوانەی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا تا ڕادەیەک لە سعوودیە و بن سەلمان دوور کەوتووەتەوە، هەرچەندە کە ئەمریکییەکان بەردەوام واز لە پارەی سعوودیە بۆ بەرەوپێشچوونی پیلانەکانیان لە ناوچەکە و لایەنگری لە ڕژێمی زایۆنیستی ناهێنن.
سعوودیە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە دۆسیەی لوبنان دوور کەوتووەتەوە، ئەمە درۆیەکی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە و لە ڕاستیدا ئالی سعوود لە هەر ڕێگاچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی لوبنان دوور کەوتوونەتەوە.
ئامانجی سعوودییەکان ڕووخانی لوبنانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و گۆڕینی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتە لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی وەک حیزبی هێزەکانی لوبنان بە سەرکردایەتی سەمیر جەعجەع.
سعوودیە دەیەوێت قەیرانی لوبنان بەردەوام بێت و هەر حکومەتێک کە دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت، نەتوانێت سەقامگیری بۆی بگەڕێنێتەوە تا لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، دۆستان و لایەنگرانی خۆڕاگری تێیدا سەرکەوتوو نەبن و بەم هۆیەشەوە هاوکارییەکانی بۆ لوبنان ڕاگرتووە.
لە ئێستاشدا بە بیانووی لێدوانێکی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنانەوە کۆمەڵە بڕیارێکی دوژمنکارانەی لە دژی لوبنان دەرکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو وەزیرەی لوبنان ڕایگەیاندووە لێدوانەکەی پێش گەیشتن بە وەزارەت بووە و هەڵوێستی خۆی بووە و پەیوەندی بە حکومەتی بەیروتەوە نییە.
سعوودیە دژایەتی حیزبوڵڵا دەکات، بە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستەکەی لە یەمەن، هاوکارییەکانی حیزبوڵڵا بۆ ئەنساروڵڵایە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات تۆڵەی ئەو شکستە لە حیزبوڵڵا لە لوبناندا بکاتەوە. لە بەر ئەوەی کە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە شەڕی یەمەن شەڕێکی بێهۆ و بێ ئەنجامە. لە ئێستاشدا دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتی لوبنان بە هۆی گوشارەکانی سعوودیەوە بە دوور دادەنرێت، بە هۆی ئەوەی کە هیچ لایەنێک لە لوبنان بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ ناگرێت./.