بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش بڵاوبوونەوەی لێدوانێکی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان سەبارەت بە شەڕی یەمەن کە تێیدا ئەو شەڕە بە شەڕێکی بێهۆ و بێ ئاکام ناو براوە، سعوودیە گوشارەکانی لە سەر لوبنان چڕتر کردووەتەوە. بانگهێشتکردنی باڵیۆزی سعوودیە لە بەیروت و دەرکردنی باڵیۆزی لوبنان لە ڕیاز، ڕاگرتنی هاوردەی سەرجەم کاڵا و بەرهەمەکانی لوبنان و زیاترکردنی گوشارە ئابورییەکان لەم هەلومەرجەی قەیران و کێشەکانی ئەم وڵاتە، تەنیا بەشێک لە پیلانگێڕییەکانی سعوودیە لە دژی کابینەکەی نەجیب میقاتی و خەڵکی لوبنان بووە.
جۆرج قەرداحی کە لە کاتی ئەو لێدوانەدا وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان نەبووە، ڕەخنەی لە شەڕی سەپێندراوی سعوودیە و ئەمریکا لە دژی خەڵکی یەمەن گرتووە و ستایشی بەرگری ئەنساروڵڵای لە بەرامبەر ئەو شەڕە نابەرامبەرە کردووە. ڕیاز لێدوانەکانی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنانی بە درۆ و ئیهانەکردنی سعوودیە و خەڵکەکەی پێناسە کردووە.
دکتۆر وەسیم بزی شارەزای سیاسی لوبنان سەبارەت بەم کێشەی ئێستای نێوان ڕیاز و بەیروت، وتی کە دەسەڵاتدارانی سعوودیە لێدوانەکانی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنانیان کردووەتە بیانووی پیلانگێڕییەکانیان لە دژی خەڵکی لوبنان و ئەمەش سەرەتای هەنگاوێکی گەورەترە لە دژی حکومەت و خەڵکی لوبنان کە سعوودیە بە نوێنەرایەتی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێی دەکات.
ناوبراو وتی: ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش شەڕی سعوودیەیان لە یەمەن بە بێهۆ و بێ ئەنجام ناو بردووە. ئاشکرایە کە ڕێکەوتنێک لە نێوان کەناڵی جزیرەی قەتەر لە گەڵ بەرپرسانی سعوودیە کراوە، بە تایبەت ئەوەی کە قەتەر لەم ڕۆژانەدا لە سعوودیە نزیک بووەتەوە و چیدی لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی نێوانیان هەواڵێک بڵاو نابێتەوە. جۆرج قەرداحی پێشتر لە بەرنامەی ” برلمان الشعب ” ی کەناڵی جزیرە ئەو لێدوانەی لە سەر شەڕی یەمەن و ڕۆڵی سعوودیە دابوو، بەڵام ئێستا ئەو لێدوانە بووەتە بیانووی پیلانگێڕییەکانی ڕیاز لە دژی لوبنانییەکان.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییەی لوبنان بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەی تیۆنەی بەیروت و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵک لە لایەن چەکدارانی حیزبی هێزەکانی لوبنانەوە، وتی: سەمیر جەعجەع پیاوی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیەیە و ڕیاز هەر یەک لە سەعد حەریری و وەلید جونبەلاتی بە بۆنەی ئەو کەسەوە بەلاوە ناوە.
وەسیم بزی وتی: شکستی تاوانەکەی تیۆنە لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە لوبنان و لێدوانەکانی جوزف عون فەرماندەی سوپا سەبارەت بە تێوەگلانی جەعجەع لەو تاوانە و بانگهێشتکردنی لە لایەن دادگاوە، وای لە سعوودیە کرد هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی ئەم تاوانبارە بدات، هەر بۆیە لێدوانەکانی قەرداحی بووە بیانوویەک تا سعوودیە بۆ بەرەوپێشچوونی پیلانەکەی لە لوبنان بەکاری بێنێت.
وتیشی کە ئامانجی یەکەمی سعوودیە گەمارۆدانی حیزبوڵڵا و ئامانجی دووەمیش ڕووخانی حکومەتەکەی نەجیب میقاتییە کە لە کاتی پێکهێنانی کابینەکەیەوە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە لە سعوودیە نزیک ببێتەوە.
بە بۆچوونی ئەم شرۆڤەکارە سیاسییەی لوبنان، ئەوەی کە لەم وڵاتەدا ڕوو دەدات پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناوچەی مەئرب لە یەمەنەوە هەیە کە هێزەکانی ئەنساروڵڵا لە ئازادکردنی نزیک بوونەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی زیاترکردنی گوشارەکانی سعوودیە لە سەر لوبنان و بە تایبەت حیزبوڵڵا تا ئەو شکستەی بۆ قەرەبوو بکرێتەوە و ڕای گشتی لە سەر کاردانەوەکان و لێکەوتەکانی ئەو شکستە سیاسی و سەربازییە بەلاڕێدا ببات.
ناوبراو وتی کە ئەمریکییەکان پاڵپشتی لەم سیاسەتەی سعوودیە لە دژی لوبنان دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی ئالی ئەحمەد بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی کەنداوی فارس لە واشنتن، سەبارەت بەم سیاسەتەی سعوودیە لە دژی لوبنان وتی: ئاشکرایە کە سعوودیە و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە ڕێنمایی و هاوکاری ئەمریکا هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی لوبنان لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن.
ناوبراو وتی: ئەمریکا هەوڵ دەدات لوبنان تووشی شەڕێکی ناوخۆیی بکات کە ئامانجیشی تەنیا گەمارۆدان و لاوازکردنی خۆڕاگرییە./.