بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو بەرواتە بە دواوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گرووپەکانی شاخڕەوی وەک بەشێک لە وەرزش گرنگییان بە پیادەڕەوی سەر شاخەکان داوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە سلێمانی یەکێتی شاخەوانی و لە هەولێریش فیدراسیۆنی شاخەوانی بۆ هەموو گرووپەکانی شاخڕەوی درووست کراوە.
جام کوردی لە سەر ئەم تەوەرە لە گەڵ ماکوان جەمال وتووێژی کردووە. ناوبراو لە دایکبووی ساڵی 1976 ی ناوچەی هەورامانە و بەرپرسی گرووپی شاخڕەوی شنروێ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی ناوەندی شاخڕەوییە لە هەڵەبجە کە 7 گرووپی شاخڕەوی لەو چوارچێوەدا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن.
سەبارەت بە جۆرەکانی شاخەوانی ماکوان جەمال وتی” (٧) جۆر شاخەوانیمان ھەیە، یەکێک لەو جۆرانە شاخڕِەوییە، شاخڕِەویش لای ئێمە تا ئێستا بە شێوازی ھەڕەمەکی و سادە پیادە کراوەو شێوازە ئەکادیمیەکەی لە بەرچاو نەگیراوە،
بەشەکانی تریش بریتیە لە”
(١- بەردەوانی. ٢- ھەردەوانی. ٣- ئەشکەوتەوانی. ٤- خشان بەسەر بەفر. ٥- پاسکیلسواری شاخ . ٦- رەوەزەوانی. ۷- گوڵگەشت).
پاشان وتی” لە ناو شاری ھەڵەبجە (٥) و لە دەرەوەی شارەکەش (٢)گروپی شاخڕِەویمان ھەیە کە یەکێک لەو گروپانە تایبەتە بە کچان و ژنان و خۆیان شاخڕِەویەکان ئەنجام ئەدەن، (٢) گروپەکەی تریش لە ھەورامانن، ھاوکات دوو لە گروپەکان بە ھاوبەشی لە ھەردوو رەگەز بەشداری شاخڕِەوییەکان ئەکەن و زۆربەی بەشدار بووانیش ھاوسەرەکانن یان ئەندامانی خێزانێکن و پێیان خۆشە بە خێزانی شاخڕِەوییەکان ئەنجام بدەن .
لە پرسیارێکی تری جام کوردی سەبارەت بە ژمارەی گروپەکان و ئەو ناوچەو شاخانەی بۆی ئەچن ناوبراو وتی” بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی گروپەکان زیاترە لە (١٥٠) تا (٢٠٠) کەس بەڵام جاری وا ھەیە بە (٢٠تا ٤٠ و ٨٠و ١٠٠) کەسەوە دەردەچین،
تا ئێستاش ئێمە شاخڕِەوییەکانمان بۆ حەساری سەکران و ناوچەی باڵەکایەتی و ھەڵگوردو سەفین و بێکودیان و گارەو پیرەمەگرون و سورێن و ھەورامان و شاخەکانی گوڵان و زمناکۆو قەرەداغ و گمۆو کوڕِەکاژاوی شارباژێڕ بووە.
ھەروەھا بۆ دەرەوەی وڵاتیش شاخڕِەویمان ئەنجامداوە لەگەڵ راھێنەر محەممەد عەبۆ کە خەڵکی شاری بۆکانە بۆ شاخی دەماوەندی تاران بەبەرزی ٥٦٧١ مەتر لەئاست دەریاوە، جارێکیش چووین بۆ شاخی سەبەلان کە بەرزییەکەی٤٨٠٠مەترە لە ئەردەبیل و جارێکیش بۆ شاخی توچاڵی گەشتیاری تاران.
لە بارەی چالاکی گروپەکەیان لە شاخڕِەوییەکاندا سەرۆکی گروپی شاخڕِەوی شنروێ وتی” ئێمە بە دەم شاخڕِەوییەکانمانەوە پرۆژەی سەوزکردنی شاخەکانمان ھەیە کە ھەر ئەندامێکی بەشدار بوو ئەندازەیەک (بەڕوو)ی ئەدەینە دەست و بە دەم رێگاوە بەڕووەکە ئەچێنێت بە تایبەتی لە شاخەکانی ھەڵەبجەو ھەورامان و سورێنی شارەزوور، بؤيه ساڵانە لە وەرزی نەمام چاندندا ئێمە ئەو پرۆژە بۆ سەوزکردنی شاخەکان جێ بە جێ ئەکەین و تا ئێستا زیاتر لە (٢٠) ھەزار بەڕوومان چاندووە .
سەبارەت بە ئەگەری روداو لە کاتی شاخڕِەوییەکاندا ماکوانی شاخڕِەو وتی” لە بەر ئەوەی تا ئێستا (٧) ئەندامی گروپەکەمان خولی بینیوەو خۆیشم لە (٣) خولدا بەشداریم کردووە، سوپاس بۆخوا پێش روداوەکان کەوتوین و نەمانھێشتووە روداوی نەخوازراو روو بدات،
پاشان سەردانی ھەر شاخێک ئەکەین، پێش وەخت ھەماھەنگی لەگەڵ گروپەکانی شاخڕِەوی ئەکەین لە ناوچەکان، بۆیە تا ئێستا گروپەکەمان دوور بووە لە ھەر ئەگەرو روداوێکی خراپ و نەخوازراو .
لە بارەی ئامۆژگارییەوە بۆ گروپەکەیان لە گەشتەکاندا ئەم شاخەوانە وتی” ھەموو جارێک لە سەرەتای شاخڕِەوییەکاندا ئەندامان دڵنیا ئەکەینەوە کە نابێ زیان بە مەزارگە پیرۆزەکان و رەزو باخی جوتیاران بگەیەنن،
تەنانەت لە بری پیسکردنی ژینگە زۆر جار ھەڵمەتی کێوماڵکردن و پاککردنەوەی شاخ و ئەو شوێنە گشتیانە ئەنجام ئەدەین کە تێپەڕ دەبین پیایدا، ھەر بۆیە (کەسێک پێشڕِەوی گروپەکە دەکات و کەسێک لە ناوەڕِاست و کەسێک لە کۆتایی) گروپەکەدا ئاگاداری ئەندامانی شاخڕِەوییەکەیە .
لە بارەی پەیوەندی گروپەکەیان لەگەڵ گروپەکانی شاخڕِەویدا بەرپرسی راگەیاندنی شاخڕِەوی شنروێ وتی” باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ گروپەکانی شاخڕِەویدا ھەیە ھەر لە زاخۆوە تاوەکو رانیەو ھەولێرو سلێمانی و پێنجوین و گەرمیان تەنانەت لەگەڵ گروپەکانی شاخڕِەوی ئێرانیش پەیوەندی باشمان ھەیە ھەندێک جار چالاکی و شاخڕِەوییەکانمان ئەنێرین بۆ گروپەکانی شاخڕِەوی ئێران و ئەوانیش لەکەناڵەکانی ئینستاگرام و تلەگرام بڵاوی ئەکەنەوە.
تەنانەت نەیشاردەوە کە لە ئێرانەوە شاخەوانێک کۆچی دوایی دەکات پرسەنامەو سەرەخۆشیان ئاڕِاستە ئەکەن، ئەو نمونەی گروپێکی شاری یەزدی ئێرانی بە بەڵگە ھێنایەوە کە سەردانی ھەڵەبجەیان کردووەو (٣) رۆژ لە شاخەکانی ھەڵەبجە میوانداریان کردوون و شەوەکانیش لە ماڵەکانی خۆیان شوێنی خواردن و خەوتنیان بۆ دابین کردوون.
وتیشی لە دنیای ئەمڕۆدا بە ھۆی تۆڕِە کۆمەڵایەتیەکانەوە رێگا دوورەکان نزیک بووەتەوە، چونکە ئەگەر لە یەکتر تێگەشتن نەبێ چۆن گروپێکی شاخەوانی (١٦) کەسی لە رێگای مامۆستایەکی زانکۆی یەزد بەناوی ئەنوەر ئەگاتە ھەڵەبجەو متمانە بە ئێمە ئەکات رۆژ تا ئێوارە دوامان کەیوێت بۆ ئەو شاخانە،
بۆیە وتی” پەیوەندییەکانمان دوو لایەنەیەو لە سەر بنەمای متمانە بنیاتنراوە ھەر بۆیە ئێمەش متمانەمان بە شاخەوانانی ئێرانی ھەیە ئەگەر نا چۆن بۆ شاخڕِەوی لە ھەڵەبجەوە ئێمەش ئەگەینە شاخی دەماوەندو توچاڵ و سەبەلان .
ماکوانی شاخەوان لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لە بارەی یەکێتی شاخەوانی سلێمانی و فیدراسیۆنی شاخەوانی لە ھەولێر وتی” ئەو دوو دامەزراوەیە ئیدارەی ھەموو گروپەکانی شاخڕِەوی ئەکەن لە ھەرێمی کوردستان.
ئامادەکردنی: ئەرینا هەڵەبجەیی